ناحیەی گوڵەجۆ.. خۆكوژێك بە بارهەڵگرێكی بۆمبڕێژكراوەوە دەستگیركرا

 ناحیەی گوڵەجۆ.. خۆكوژێك بە بارهەڵگرێكی بۆمبڕێژكراوەوە دەستگیركرا
لە دوای تەقینەوەكەی ناحیەی گوڵەجۆ (كەوكەس)، هێزەكانی ئاسایشی كفری خۆكوژێكیان بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری بۆمبڕێژكراو دەستگیركرد، كە بەنیاز بوو بازگەی ئاسایشی گردە گۆزینە لە نێوان قەرەبڵاغ و شێخ لەنگەر بكاتە ئامانج.

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی كفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆكوژەكە رێگای لێ هەڵە بووە و ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر رێگا وەستاندووە و بەرەو گوندی حاجیلەر رایكردووە، دواتر هێزەكانی ئاسایش بەمەیان زانیوە و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێكەدا گرتووە و خۆكوژەكەشیان لە نێو گوندی حاجیلەر دەستگیركردووە.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایشی كفری گوتیشی، خۆكوژەكە بە رەگەز كوردە و لە دایكبووی ساڵی 1987ـە و لە كاتی لێكۆڵینەوە ئاشكرایكردووە، كە دوو كەسی دیكەی لەگەڵدایە، ئاسایشیش هەردوو كەسەكەی لە گوندی ئیسلاح دەستگیركرد.

دواتر تیمەكانی ئەندازیاریی تەقەمەنی بۆمبی نێو ئەتۆمبێلەكەیان پووچەڵكردەوە، كە بەرمیلێكی تەقەمەنی و نزیكەی دوو تەن مادەی سیفۆر و چەندین گوللەی هاوەن و تۆپی 106ی هەڵگرتبوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، خۆكوژەكە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژكراوی لە خۆ بەستبوو و لە كاتی دەستگیركردنیشی دەركەوت، كە هۆشی لەسەر خۆی نییە و مادەی هۆشبەری بەكارهێناوە.










رووداو
Top