مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان- سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان- سوریا و شاندی یاوه‌ری كرد
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12/11/2014 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سعود مه‌لا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سوریا و كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید حاجۆ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و پارته‌ كرد.
له‌ دانیشتنێكدا گفتوگۆی پێویست له‌باره‌ی بارودۆخی سوریا به‌ گشتی و بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان به‌تایبه‌تی كرا و تیشكخرایه‌ سه‌ر رۆڵ و هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی رۆژئاوا له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و دهۆكدا بۆئه‌وه‌ی رۆژئاوای كوردستان بتوانێ به‌ یه‌كریزی و یه‌كگوتاری روبه‌ڕووی بارودۆخ و پێشهاته‌كان ببێته‌وه‌ و به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بگات. هه‌روه‌ها هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا دووپاتی لێكرایه‌وه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا باس له‌ په‌لاماره‌كانی داعش بۆ سه‌ر كورد چ له‌ هه‌رێمی كوردستان و چ له‌ رۆژئاوای كوردستان كرا و دووپات له‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ كورد به‌ یه‌ك به‌ره‌ روبه‌ڕووی تیرۆریستانی داعش بۆته‌وه‌، و ئاماژه‌ به‌وه‌ درا، كه‌ پێویسته‌ كورد له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ زیاتر پشتیوانی بكرێت. له‌وباره‌ مه‌سرور بارزانی باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ین بۆ رۆژئاواش ئه‌وه‌ی پێمان بكرێ ده‌یكه‌ین و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یماندا داوای فره‌وانتركردنی هاوكارییه‌كانمان بۆ رۆژئاوا كردووه‌.
تاوتوكردنی باشتركردنی بارودۆخی ئاواره‌كانی رۆژئاوا له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌ بوو.
Top