سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارلەمانی كوردستان كۆبوونەوە
لە دیدارێكدا كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە كرایەوە. هەر لەم دیدارەدا هەنگاوەكانی كاركردن بۆ بەجینۆسایدناساندنی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال تاوتوێ كرا و بە پێویستیش زانرا كە ڕاگەیاندنە كوردییەكان بە هەست بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی بەرەكانی شەڕ و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بكەن و بە هەستێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە كەیسی ژنە ڕفێندراوەكانی شنگال بخەنەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی پارلەمانی كوردستان باس لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان دامەزراوە سیادییەكانی هەرێم كرا و تیشكیش خرایە سەر ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی ئێستا و داهاتوودا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی كۆنگرەی نەتەوەیی و چۆنییەتی كاركردن لەبارەی سازدان و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی ئاڵوگۆڕ كرا.
