حكوومه‌ت دوو پرۆژه‌یاسا ده‌رباره‌ى نه‌وت و غاز و داهاته‌كانیان په‌سه‌ند ده‌كات
له سه‌ره‌تای كۆونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمی بۆ كاروباری نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه پێرێ دووشه‌ممه ساز كرا و، ڕوونی كرده‌وه كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر داوای په‌رله‌مانی كوردستان بوو كه ویستی دوایین زانیاری و ئاگاداری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و دۆسیه‌ی نه‌وت و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌مباره‌یه‌وه بزانن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌رێنی و سودبه‌خش بوو، به‌تایبه‌تی ڕاپۆرتى هاوبه‌شى هەردوو لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنان و لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى په‌رله‌مان و ڕاپۆرتى وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریش كه پێشكه‌ش كران، زۆر باش و پڕ زانیاریی به‌سوود بوون. هه‌روه‌ها به‌ڕێز وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانیش، ورده‌كاریی ته‌واوی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی و هه‌ڵگرتنی پاره‌كه‌ی له بانكدا خسته ڕوو، پلانى وه‌زاره‌تیشى بۆ كه‌رتى نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى و بودجه و مووچه‌ى له ڕێگه‌ى داهاتى نه‌وته‌وه، بۆ په‌رله‌مان ڕوون كرده‌وه و پرسیاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌رباره‌ی ئه‌م دۆسیایانه، وه‌ڵام درانه‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد په‌رله‌مان گله‌یی له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وه‌زیران هه‌یه كه دره‌نگ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانته‌ران ده‌ده‌نه‌وه، بۆیه ئاشكرای كرد ده‌بێ میكانیزمێك ئاماده بكرێت تا پرسیاری په‌رله‌مانتاران له كاتی یاسایی‌ی خۆیدا كه 15 ڕۆژه، وه‌ڵام بدرێنه‌وه. هه‌روه‌ها داوای له وه‌زیران كرد بانگهێشت و پرسیاركردن و به‌دواداچوون و چاودێریی په‌رله‌مان بۆ كاروباری حكوومه‌ت و وه‌زیران، زۆر ئاسایی وه‌ربگرن و له‌مباره‌یه‌وه به ته‌واوی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا بكه‌ن و، نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك پرسیاره‌كانیان پشتگوێ بخرێن و، ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕی ڕێز له‌م سیسته‌مه بگیرێت.
ئینجا بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه له لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانه‌وه خرایه ڕوو، كه گفتوگۆ و بڕیاردان بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای ’’یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت’’. دوای گفتوگۆ و خستنه‌ڕووی چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی له لایه‌ن وه‌زیرانه‌وه، پرۆژه‌یاساكه په‌سه‌ند كرا و بڕیار درا بنێردرێته په‌رله‌مان. به‌پێی ئه‌م یاسایه كۆمپانیاكه پلاندانان و ئاماده‌كردنی سیاسه‌ت و پلانه كارگێڕی و دارایی و ته‌كنیكییه‌كانی خۆی به شێوه‌یه‌ك ڕێكده‌خات و به‌ڕێوه ده‌بات، كه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌رێمدا بگونجێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێـه هه‌نگاوێكى گرنگ به‌ره‌و زیاتر به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى كه‌رتى نه‌وت.
كۆمپانیاكه به ڕاوێژكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی بۆ كاروباری نه‌وت و غاز، سه‌رپه‌رشتیی ته‌واوی هه‌موو بواره‌كانی كه‌رتی نه‌وت و غاز ده‌كات، وه‌ك مۆركردنی گرێبه‌ستی دۆزینه‌وه و ده‌رهێنان و پێشخستن و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و ناردنه‌ده‌ره‌وه و بازاڕكردن و، ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز له هه‌رێم و عیراق و ده‌ره‌وه و هه‌موو ئه‌و كار و چالاكیانه‌ی په‌یوه‌ندییان به كه‌رتی نه‌وت و غازه‌وه هه‌یه. ئه‌م كۆمپانیایه ده‌بێ له ماوه‌یه‌كى دیاریكراودا ببێته كۆمپانیایه‌كى پشكدار و هه‌موو هاووڵاتیان بتوانن تیایدا ببنه خاوه‌ن پشك، كه ده‌واتر ئه‌مه‌ش به یاسایه‌ك ڕێك ده‌خرێت.
بڕگه‌ی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كه هه‌ر له لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانه‌وه خرایه ڕوو، گفتوگۆ و بڕیاردان بوو له‌سه‌ر ’’یاسای سه‌ندووقی داهاته‌كانی نه‌وت و غاز له هه‌رێمی كوردستان - عیراق’’ كه ته‌واوى داهاته‌كانى فرۆشتنى نه‌وت و غاز له هه‌رێمى كوردستان ده‌چێته ئه‌و سه‌ندووقه‌وه. دواى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل و سه‌رنج و تێبینییه‌كانى وه‌زیران، ئه‌ویش په‌سه‌ند كرا و بڕیار درا بنێردرێته په‌رله‌مان.
له به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی كاری وه‌زاره‌ته‌كان و كاروباری هاووڵاتیان به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ڕوونی كرده‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زیرێك وه‌ك پێویست كاری ڕۆژانه‌ی خۆی بكات و ستافه‌كه‌ی له وه‌زاره‌ت كاره‌كان به‌ڕێوه ببات، هه‌موو كاره‌كانى هاووڵاتیان باش به‌ڕێوه ده‌چن. هه‌روه‌ها گوتى: ده‌بێ حكوومه‌ت باشتر به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێت و هه‌موو داموده‌زگاكانی كاراتر بكرێن، تا به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك كاروبارى هاووڵاتیان به ئاسانی ڕایی ببن.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش پشتگیریی خۆی بۆ قسه‌كانی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند ’’فه‌لسه‌فه‌ی حكوومه‌ت خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانه’’ و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ وه‌زاره‌ته‌كان باشتر كاره‌كانیان به‌ڕێوه ببه‌ن و ده‌ستخۆشی له وه‌زیران كرد كه ئێستا باشتر ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان به‌كار ده‌هێنن. هه‌موو پشتگیریی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشی بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه دووپات كرده‌وه كه له وه‌زاره‌ته‌كان له‌پێناو باشتركردنی كاره‌كان، ده‌گیرێنه به‌ر.
ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال بگاته ڕێككه‌وتن و میكانیزمێك له عیراق بێته كایه‌وه كه جارێكی دیكه هیچ كه‌سێك له هه‌ر پله و پایه و پۆستێكدا بێت، نه‌توانێت بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان به بڕیارێكی تاكه‌كه‌سی ببڕێت.
ده‌رباره‌ی كێشه‌ی نه‌وتیش له‌گه‌ڵ به‌غدا، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ناداته ده‌ستی سۆمۆ، به‌ڵام ئاماده‌یه له ته‌واوی پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و پرسى شه‌فافییه‌تدا، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌گه‌ڵ سۆمۆدا بكات. هه‌روه‌ها گوتی: ده‌رگای گفوگۆ داناخه‌ین و له‌گه‌ڵ عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكاش به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵین، بۆیه هیوادارین هاتنی به‌ڕێز وه‌زیری نه‌وتی عیراق بۆ هه‌ولێر، زه‌مینه‌ى گه‌یشتن به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، خۆش بكات.
ده‌رباره‌ی پرسی بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ داعش، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ داعش به هه‌موو پێوه‌رێك خیانه‌تێكی نیشتمانییه و حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی له‌مباره‌یه‌وه ده‌گرێته به‌ر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌و لیژنه تایبه‌ته‌ى كه حكوومه‌ت دروستى كردووه، به‌رده‌وام خه‌ریكى به‌دواداچوونه و كاره‌كانى خۆى ئه‌نجام ده‌دات.
دوایین شت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا وه‌زیرێكی هه‌رێم بۆ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زیاد بكرێت و بۆ په‌سه‌ندكردنی؛ بنێردرێته په‌رله‌مانی كوردستان.
