مه‌سرور بارزانی و ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان جه‌ختیان له‌ یه‌كریزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرده‌وه‌

مه‌سرور بارزانی و ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان جه‌ختیان له‌ یه‌كریزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرده‌وه‌
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11/11/2014 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕای به‌ گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی میوان گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا، هاوڕایی و هه‌ماهه‌نگی و یه‌كده‌نگی به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كوردستان به‌ تایبه‌تی په‌لاماره‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا خۆراگری و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ له‌ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پاشه‌كشه‌كردنیان و رزگاركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك به‌ به‌رزی نرخێندرا و ئاماژه‌ به‌وه‌‌ كرا، كه‌ داعش زیانی بۆ ئاین و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی هه‌یه‌، چونكه‌ رێز له‌ هیچ جیاوازییه‌ك ناگرێ و باوه‌ڕی به‌ هیچ به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ نییه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا جه‌خت له‌ پاراستنی سه‌قامگیری و ئارامی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كریزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌مووان پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیره‌ بێت، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی جیهاندا پێی ناسراوه.‌
Top