شوێنی 5 بنكەی مەشق و راهێنانی ئەمەریكا لە عێراق ئاشكرا بوو.. بنكەیەك لە پارێزگای كەركووكە
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق كە نەویستووە ناوی بهێنرێت، شوێنی 5 بنكەی ئەمەریكای بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی لە عێراق، ئاشكرا كرد.
بەپێی زانیاریی ئەو بەرپرسە سەربازییەی وەزارەتی بەرگری، "بنكەی یەكەمی ئەمەریكا بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی دەكەوێتە دوبز لە پارێزگای كەركووك. بنكەی دووەم، لە حەبانییەی سەر بە پارێزگای ئەنبار دروست دەكرێت، كە 30 كم لە رۆژئاوای فەللوجەوە دوورە. بنكەی سێیەم، لە عەین ئەسەدی سەر بە پارێزگای ئەنبار دەبێت كە 90 كم لە باكووری رۆژئاوای روممادییەوە دوورە. بنكەی چوارەم، پێی دەگوترێت بنكەی سپایكەر كە، 15 كم لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددینەوە دوورە. بنكەی پێنجەمیش دەكەوێتە بەلەد عەسكەری كە 80 كم لە باكووری بەغداوە دوورە".
بەپێی زانیارییەكانیش، ژمارەی هەر لیوایەكی مەشق و راهێنان، 8 تا 12 هەزار سەرباز لە خۆ دەگرێت. پێشتریش، گوتەبێژی پنتاگۆن (جۆن كیربی)، بۆ CNN، كردنەوەی 3 بنكەی سەربازیی ئەمەریكایی بۆ راهێنانی پێشمەرگە، لە هەرێمی كوردستان و 9 بنكەیش بۆ سوپای عێراق، راگەیاند.
جێی ئاماژەیە، دروستكردنی بنكەكانی مەشق و راهێنان لەلایەن ئەمەریكا بۆ بونیاتنانەوەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەیە، كە لە ئێستادا، سوپای عێراق، بە هۆی گەمارۆی تیرۆریستانی داعشەوە، تووشی شكست و زیان هاتووە.
هاوكات، 3 بنكەی دیکەی ئەمەریكایش، كە بۆ مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە هەرێم دروست دەكرێن، بۆ بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگە و شارەزاكردنیەتی لە بەكارهێنانی چەكی نوێ. لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە، چەك بە پێشمەرگە دراوە، وەك بەشێك لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەكەدا.
