نێچیرڤان بارزانی: فرۆشتنی نەوت رادەستی سۆمۆ ناكەین
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 10/11/2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، دوای گفتوگۆكردنی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز لەگەڵ پەرلەمانتاران كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا.
لە كۆنگرەكەدا لەبارەی فرۆشتنی نەوت نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە بەهیچ شێوەیەك كۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی كوردستان رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ناكەن. گوتیشی،" بەغدا بەبێ ئێمە ناتوانێت نەوتی كەركووك هەناردە بكات".
سەبارەت بە بودجەش نێچیرڤان بارزانی گوتی،" بەغدا بەبێ پاساو بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و نابێت ناردنی مووچەی فەرمانبەرانیش ببێتە بەشێك لە دانوستاندنەكان"، جەختیشیكردەوە كە سیاسەتیان ئەوەیە بگەنە چارەسەرێك لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ناوەند.
هەروەها لەبارەی بازرگانیكردن لەگەڵ گرووپی داعش نێچیرڤان بارزانی گوتی،" بازرگانیكرن لەگەڵ داعش بە خیانەتی نیشتمانی دەزانین". لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە كەمكردنەوەی نرخی بەنزین سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئێستا ناتوانن نرخی بەنزین كەمبكەنەوە.
هاوكات قوباد تاڵەبانی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند كە ئەمریكا و بەریتانیا نیگەرانن و گوشار دەخەنە سەر بەغدا. سەبارەت بە وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتیش گوتی،" قەرز بۆ پرۆژەی ستراتیژی وەردەگرین نەك مووچە".
هەروەها لە كۆنگرەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە داهاتی فرۆشتنی نەوت كرد و گوتی،" توركیا رێگری لە هێنانەوەی پارەی نەوت ناكات".
رووداو
