مەكتەبی سیاسی و دەستگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەری گۆڤاری گوڵان كرد

 مەكتەبی سیاسی و دەستگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەری گۆڤاری گوڵان كرد
مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و دەستگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی گۆڤاری گوڵان كرد و رۆڵی گۆڤاری گوڵانیان لە ئەفراندن و بوارەكانی رۆشنبیری و مەعریفیدا، بە گرینگ ناو برد.

دەقی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ گۆڤاری گوڵان:
بە بۆنەی دەرچوونی ژمارە (1000)ـی گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵی بەڕێز (فەرهاد محەممەد)، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)
بە بۆنەی دەرچوونی ژمارە (1000)ـی گۆڤاری گوڵان پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و لە نووسەران و خوێنەرانی گۆڤارەكە دەكەین، مایەی رێز و پێزانینە بێ سرەوتن بەردەوامن لە هەوڵ و كۆششتان بۆ پێشخستنی رۆژنامەگەریی كوردی بە گشتی و گۆڤاری سیاسی تایبەتمەند بە تایبەتی.
گۆڤاری (گوڵان) بە رێنوێنی و پشتیوانیی پارتیمان و هەوڵ و كۆششی ئێوە توانی خۆی لەسەر گۆڕەپانی رۆژنامەگەریمان بسەلمێنێ و، مسداقیەتی خۆی بپارێزێ و بەرپرسانە كاری خۆی ئەنجام بدات و، پەیڕەوی ئیتیكی سەردەمیانەی رۆژنامەوانی بكات، بۆیەیش تا ئەمڕۆ بەو بەخشش و داهێنانەی بەردەوامە و، بە شایەتیی دۆست و نەیارانی پێگەی شاییستە و پتەوی خۆی لە بواری رۆژنامەوانیدا گرتووە و ئەوە ژمارە(1000)ـی خستە بەردەست و دیدەی خوێنەرانی.
كاروانی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریمان شانبەشانی بوارەكانی دیكە گرینگی و كاریگەریی خۆی هەیە، لە بەرەوپێشبردنی كێشەكەمان و بەرچاوخستنی راستییەكان و رووبەڕووبوونەوەی پیلان و شەڕی هەمەجۆرەی دوژمنانی گەلەكەمان، بۆیەیش پێویستە ئەمڕۆ بە هەموو لایەك لە ئاست ئەو كار و ئەركە پیرۆزە بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناحەز و نەیارانمان.
هەڤاڵانی بەڕێز: گۆڤاری (گوڵان) بەو سیستەم و بەرنامە رێكوپێكەی دایڕشتووە و پەیڕەوی دەكات و بەردەوامبوونی تا دەرچوونی ژمارە(1000) وەك تاكە گۆڤاری هەفتانەی سیاسی لەسەر گۆڕەپانی رۆژنامەوانیدا، هەر لە دەستپێكی كاركردنییەوە تاكو ئەمڕۆ، بە هۆی بڕیارێكی سیاسییانەی بوێر و پشتیوانی و هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك بوو. لێشمان مسۆگەرە بە هەمان رۆحیەتی ئەفراندن و بەخشش بەردەوام دەبێت و لە ئاییندەیشدا هەنگاوی چاكتر و بەرچاوتر دەنێت.
هیوادارین ئەو بۆنەیە هاندەر بێت بۆ زیاتر داهێنان و بەرەوپێشبردنی گۆڤارەكەتان و بەردەوامبوونتان لە خزمەت پرسە چارەنووسسازەكان و رەوشی هەستیاری ئەمڕۆمان، تا بەدیهاتنی دوامافە رەواكانمان.
جارێكی دیكە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەوپێشخستنی گۆڤارەكە دووپات دەكەینەوە و پیرۆز بێت دەرچوونی ژمارە (1000)ی گۆڤاری گوڵان.
مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان

دەقی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵاًن:

بە بۆنەی دەرچوونی ژمارە (1000)ـی گۆڤاری (گوڵان)
هەڤاڵی بەڕێز (فەرهاد محەممەد)، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و تێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەری لە گۆڤاری (گوڵان)
بە بۆنەی دەرچوونی ژمارە (1000)ـی گۆڤاری گوڵان پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەین، پیرۆزبایی لە نووسەران و خوێنەران دەكەین، هیوادارین بەردەوام بن لەو هەوڵ و كۆششەتان بۆ پێشخستنی ئەو ئەستێرە هەمیشە درەوشاوەیەی ئاسمانی رۆژنامەگەریی كوردیمان.
گۆڤاری (گوڵان) بەو پەیامە راستگۆ ودیار و رۆشنبیرییە روونەی لەسەر گۆڕەپانی رۆژنامەوانیی كوردیدا پەیڕەوی كردووە، دەسكەوتێكی گرینگی دیكەی بەخشییە ئەو مەیدانە، بۆیەیش تا ئەمڕۆ هەر بەردەوام بووە و، وەك یەكەمین گۆڤاری سیاسیی كوردی هەزارەمین ژمارەی خستە بەر دیدەی خوێنەرانی.
گۆڤاری (گوڵان) بە ئەزموونێكی گەش و تازەی ئەوتۆ هاتە ئاراوە، سەلماندی، كە تایبەتمەندیی خۆی لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیری، مەعریفی و دۆزی رەوای گەلەكەمان و گەیاندنی پەیامی رەوای ئەو ئەزموونەمان بە دەوروبەر و جیهان هەیە.
كاری رۆژنامەوانی و رۆشنبیریی گۆڤارەكەتان، وێڕای ئەو بەرهەم و دەسكەوتانەتان، زیاتر هەوڵ و قوربانیدانی دەوێ بۆ ئەوەی بە راستی نموونەیەكی زیندوو و پێشەنگ بێ بۆ خزمەتگەیاندن بە هۆشیاریی تاكی كورد و كۆمەڵگەكەمان و، برەودان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
بەو بۆنەیەوە پشتیوانیی تەواومان بۆ بەرەو پێشخستنی گۆڤارەكە، دووپات دەكەینەوە و، جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە ئێوە و خوێنەرانتان و خۆمان دەكەین.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان
Top