نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ستافی گۆڤاری گوڵان كرد.. گوڵان جێگەی نووسەر و ڕۆشنبیرانی بەهەڵوێست و زانا بووە
گۆڤاری گوڵان، ژمارە 1000ـی تێپەڕ كرد، بەو بۆنەیەوە سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ستافی گۆڤارەكە كرد و، لە پەیامەكەیدا
رایگەیاند، "گۆڤاری گوڵان، لە قۆناخی دوای ڕزگاریی كوردستاندا، خاوەنی مێژووی تایبەتی خۆیەتی. ئەزموونی گوڵان، بریتی بووە لە شێوازێكی نوێی ڕۆژنامەنووسی كە، شێلگیرانە بەرگری لە دەسكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان كردووە. ئەو ڕێبازەی تا ئەمڕۆ كە زیاتر لە بیست ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، لەسەری بەردەوامە".
(نێچیرڤان بارزانی)، لە بەشێكی دی پیرۆزباییەكەیدا دەڵێت، "گۆڤاری گوڵان كە ئێستا دەگاتە ژمارە 1000، ڕەوایە شانازی بە دەرچوونی بەردەوام و كاروانی بێ پسانەوەی خۆی بكات. ئەم گۆڤارە هەمیشە جێگای نووسەر و ڕۆشنبیرانی بەهەڵوێست و زانا بووە، هەر بۆیە بە بایەخەوە دەڕواندرێتە بیروڕاكانی. كارێكی نوێ و داهێنەرانەی گوڵان، بریتییە لەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئاكادیمییە چالاكەكاندا هەیەتی، بەمەیش توانیویەتی جێگای خۆی لەناو مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هاوچەرخدا بكاتەوە".
لە كۆتایی پەیامەكەیشدا، جەختی كردەوە كە "گۆڤاری گوڵان، وەك بەشێكی كاریگەری دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی گوڵان، هەمیشە جێی بایەخ و پشتیوانیم بووە. لەم بۆنەیەیشدا، وێڕای پیرۆزباییم لە هەموو ستافی گۆڤارەكە، خۆشحاڵیی خۆم بەو ڕۆڵە دەردەبڕم كە گوڵان هەیەتی، دڵنیام دەتوانێت وەك سەكۆیەكی زیندوو، بەردەوام بێت و پتر پەرە بستێنێت. سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم".
دەقی پەیامی (نێچیرڤان بارزانی)
بۆ ژمارە (1000)ـی گۆڤاری (گوڵان)
بەڕێزان سەرنووسەر و ڕۆژنامەنووسانی گۆڤاری گوڵان
سڵاوتان لێ بێت
گۆڤاری گوڵان، لە قۆناخی دوای ڕزگاریی كوردستاندا، خاوەنی مێژووی تایبەتی خۆیەتی. ئەزموونی گوڵان، بریتی بووە لە شێوازێكی نوێی ڕۆژنامەنووسی كە شێلگیرانە بەرگری لە دەسكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان كردووە. ئەو ڕێبازەی تا ئەمڕۆ كە زیاتر لە بیست ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، لەسەری بەردەوامە.
گۆڤاری گوڵان كە ئێستا دەگاتە ژمارە 1000، ڕەوایە شانازی بە دەرچوونی بەردەوام و كاروانی بێ پسانەوەی خۆی بكات. ئەم گۆڤارە هەمیشە جێگای نووسەر و ڕۆشنبیرانی بەهەڵوێست و زانا بووە، هەر بۆیە بە بایەخەوە دەڕواندرێتە بیروڕاكانی. كارێكی نوێ و داهێنەرانەی گوڵان، بریتییە لەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئاكادیمییە چالاكەكاندا هەیەتی، بەمەیش توانیویەتی جێگای خۆی لەناو مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هاوچەرخدا بكاتەوە.
گۆڤاری گوڵان، وەك بەشێكی كاریگەری دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی گوڵان، هەمیشە جێی بایەخ و پشتیوانیم بووە. لەم بۆنەیەشدا، وێڕای پیرۆزباییم لە هەموو ستافی گۆڤارەكە، خۆشحاڵیی خۆم بەو ڕۆڵە دەردەبڕم كە گوڵان هەیەتی، دڵنیام دەتوانێت وەك سەكۆیەكی زیندوو، بەردەوام بێت و پتر پەرە بستێنێت.
سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان
10/11/2014
