له‌سه‌ر راسپارده‌ی (مه‌سروور بارزانی) كاروانێكی دیكه‌ی هاوكاری ده‌گه‌یه‌نرێته ئاواره‌كانی چیای شنگال
سه‌باره‌ت به ناردنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان بۆ په‌نابه‌رانی سه‌ر چیای شنگال، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئه‌حمه‌د) رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی خه‌ڵكی شنگال روویان له چیای شنگال كرد و پێویستیان به هاوكاریی مرۆیی هه‌بوو، ئێمه وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه هاوكاریمان گه‌یاندووه‌ته په‌ناخوازانی سه‌ر چیای شنگال".
جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر گوتی، "به هۆی هاتنی وه‌رزی زستانه‌وه په‌ناخوازانی سه‌ر چیای شنگال زیاتر پێویستیان به هاوكاریی مرۆیی هه‌یه و ئێمه‌یش له ده‌زگا بۆ دابینكردنی پێداویستی زستانه بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه، ئه‌مڕۆ به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر راسپارده‌ی (مه‌سروور بارزانی) كاروانێكی دیكه‌ی كه‌لوپه‌ل و پێداویستیی ناوماڵ و پێداویستیی منداڵان و خێوه‌تمان ره‌وانه‌ی په‌نابه‌رانی سه‌ر چیای شنگال كرد، خۆشبه‌ختانه به سه‌ركه‌وتوویی هاوكارییه‌كان گه‌یشتنه ده‌ست په‌نابه‌رانی سه‌ر چیاكه و ناردنی كۆمه‌كه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن تا سه‌رجه‌م كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نرێنه سه‌ر چیاكه".
سه‌باره‌ت به ناردنی هاوكارییه‌كان، (مووسا ئه‌حمه‌د) ئاماژه‌ی دا، "ناردنی كۆمه‌ك و هاوكاری له رێگه‌ی فڕۆكه‌وه بۆ سه‌ر چیای شنگال كارێكی ئاسان نییه، بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه مرۆییه، رێكخراو و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هاوكار بوون و سوپاسیان ده‌كه‌ین".
