بە تەنها ناچاركردنی ئێزیدییەكان بەوەی دەست لە ئایینی خۆیان هەڵبگرن، بەشێكە لەو پێناسەی بۆ ژینۆساید كراوە
ئێدوارد هەروەها گوتی: پێموایە لەسەر پرسێكی لەمشیوەیە بۆچوونێكی هاوبەش نییە لە نێو زۆرێك لە توێژەرانی مافەكانی مرۆڤدا. ئەگەرچی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، یاخود گرووپە میلیشیا چەكدارەكان «دەوڵەت» یان «نەتەوە» نین و بە زۆری ئیمزایان لەسەر یاسایەكی نێودەوڵەتی دیاریكراو نەكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناچارن رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرن، كاتێك لە وڵاتێكدا چالاكی دەكەن كە ئەو وڵاتە ئیمزای لەسەر ئەو یاسا نێودەوڵەتییە كردووە. كاتێك گرووپە چەكدراەكان دەست بەسەر خاكێكدا دەگرن كە مرۆڤی تێیدا نیشتەجێیە، ئەوا پابەندبوونێكی یاساییان لە ئەستۆیە كە بە كەرامەتەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو مرۆڤانەدا بكەن، هەروەها بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی كە جەخت لەسەر مافی ژیانی هەموو تاكەكەس و گرووپێك دەكاتەوە. بە كۆیلەكردنی ئافرەتانی كوردی ئێزیدی و هەر گرووپێك لە خەڵك، پێشێلكردنی ئەخلاق و یاسای نێودەوڵەوتییە. نابێت لە سایەی هیچ هەل و مەرجێكدا تەحەمول بكرێت و نابێت چاوپۆشی لێبكرێت، یان بەرگری لێبكرێت. لەم رووەشەوە دەبێت كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی باشتر سزای تیرۆریستانی داعش بدات.
شایانی باسە ئێدوارد هەروەها گوتی: ژینۆسایدی ئەرمەنییەكان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی توركیاوە لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستدا، نموونەیەكە لە بارەی بە ئامانجگرتنی بەئەنقەستی كەمینەیەكی ئایینی (گرووپی مەسیحی ئەرمەنییەكان لە كۆمەڵگەیەدا كە تێیدا زۆرینە موسڵمانن) بۆ لەناوبردنیان. ئەوە لە رێی كوشتنی راستەوخۆ و برسیكردنەوە ئەنجام درا، هەروەها لە رێی ئەوەی خرانە بارودۆخێكەوە كە ئامانج لێی لەناوبردنیان بوو وەك گرووپێكی ئایینی. ئەمەش مایەی بەدبەختیە كە هەندێكجار «سیاسەت» ئەوە دیاری دەكات كە نەتەوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان خوازیار بن چی بە ژینۆساید دابنێن و لەبەرامبەر چیدا دوودڵ بن لەوەی ئەم ناوی بەسەردا دابڕن. ئەوە كارێكی خراپە، چونكە ژینۆساید هەر ژینۆسایدە، ئیدی لەلایەن قەوارەیەكی جیهانییەوە دانی پێدابنرێت یاخود نا. لە راستیدا بەلای منەوە پێویستە فاكتەكانی ژینۆساید زۆر گرنگتر بن لە سیاسەتی دانپێدانان. كاتێك گرووپێك دەكرێتە ئامانج بۆ ئەوەی لە ناو ببردرێت، تا ئەو راددەیەی تاوانكاران بە روونی گوزارشت لە نییەتی لەناوبردنی گرووپەكە دەكەن، یاخود نییەتی لە ناوبردنی گرووپەكە بۆ هەموان روونە، ئەویش بەهۆی ناسنامەی ئیتنی، رەگەزی، ئایینی، یاخود نەتەوەیی گرووپەكەوە، یان تەنانەت بەهۆی ناسنامەی سیاسی و رەگەزیی گرووپەكەوە، ئەوە حاڵەتێكی روونی ژینۆسایدە. پێویستە فاكتەكان ئەوە دەستنیشان بكەن كە ئایا كۆمەڵكوژییەكی دیاریكراو ژینۆسایدە، یاخود نا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1000)
