سەرچاوەی گۆڕانكاری لەنەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێت

سەرچاوەی گۆڕانكاری لەنەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان گریگۆری گەوس گەورە تۆێژەری ئامۆژگای برۆكینگز بۆ گوتى: ئەمریكا زۆر دوودڵ دەبێت لەوەی خۆی پابەند بكات بە هێرشی زەمینی، جگە لە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەكی سنوورداری راوێژكار و راهێنەر لە دژی داعش، پێموا نییە هێشتا ئەم ئیدارەیە ئامادە بێت ژمارەیەكی زۆری سوپا رەوانەی عێراق بكات. پێموایە ئەوان هەوڵدەدەن كە یەكەم: مەشق بە هێزی زیاتری سووریا بكەن و باوەڕم وا نییە ئەوە ئەگەری سەركەوتنی هەبێت، مەسەلەی دووەم بریتیە لە پشتیوانی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان، كە باوەڕم وایە ئەوەیان زیاتر ئەگەری سەركەوتنی لێدەكرێت. سێیەم كار لەگەڵ حكومەتی عێراقدا لە بەغدا دەكرێت، بۆ هاندانیان كە یەكەی مەحەلی لە ناوچە سوننەكان لە عێراقدا دروست بكرێت، ئەگەرچی ئەمەش مایەی كێشەیە دەبێت، بەڵام هێشتا لە واشنتۆن ئومێدی ئەوە هەیە كە سوپای عێراق لە دژی داعش رۆڵ ببینێت، بەتایبەتی لەسەر سنوورەكانی عێراق و سووریا كە داعش تێیدا چالاكە. ئایا توركیا چالاكتر دەبێت لە شەڕكردن لە دژی داعش، ئەوا ئەمە پرسیارێكی دیكەیە و دڵنیا نین لە سەركەوتنی ئەو سیاسەتە، بەڵام پێموا نییە بیر لەوە بكەنەوە كە ژمارەیەكی زۆری هێزی ئەمریكی رەوانەی عێراق بكەنەوە.

هەروەها گریگۆری گەوس گوتی: یەكێك لە دەرئەنجامە گرنگە دوورمەوداكانی شەڕی داعش بریتییە سەرەتای پەیوەندییەكی سەربازیی راستەوخۆی نێوان هەولێر و واشنتۆن و زۆرێك لە هێزە ئەوروپییەكان، كە پێشتر واشنتۆن لەبەر بەغدا ئەو كارەی نەدەكرد، بەڵام ئێستا ئەو ترسە بەسەرچووە و، هاوكارییەكی سەربازی روو لە زیادبوون دەبینین لە نێوان هەرێمی كوردستان و نەك هەر تەنها ئمەریكا بەڵكو لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتە ئەوروپیەكانیشدا.

شایانی باسە هەروەها گەوس گوتی: من باوەڕم وا نییە سنورەكان بەهۆی داعشەوە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە ئەگەرچی ئێستا ئەوان خاكیان بەدەستەوەیە، بەڵام ناتوانن لە مەودای دووردا كۆنتڕۆڵی ئەو خاكانەیان بەدەستەوە بێت، تەنانەت ئەگەر بشتوانن، ئەوا دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست تاهێنن. ئەوەی لە ناوچەكەدا بەدی دەكرێت، شەڕێكی ناوخۆیی درێژخایەن دەبێت، لە عێراق و سووریا بە چەشنی شەڕی ناوخۆیی لوبنان، كە سنووری لوبنانیش گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، چیتر حكومەتێكی مەركەزی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە نییە، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی بەغدا و زیادبوونی پەیوەندیی سەربازیی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و چەند وڵاتێكی مەزندا، ئەوەی زیاتر ئەگەری لێدەكرێت وەك سەرچاوەی گۆڕانكاری لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتییە لە سەربەخۆبوونی كوردستان.

لە كۆتاییدا گریگۆری گوتی: یەكێك لە خاڵە زۆر بەهێزەكانی داعش بریتییە لە ستراتیژییەكەی لە ئاست زانیاریدا و دەیەوێت كۆنتڕۆڵی ئەو زانیارییانە بكات كە لەو شوێنانەوە سەرچاوە دەگرن كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدان، لەبەر ئەوە رێگە نادات بە بوونی سەرچاوەی بەدیلی زانیاری. ستراتیژیەتی زانیاری ئەوان خزمەت بە چەند ئامانجێك دەكات، لەلایەك دەبێتە هۆی درێژكردنەوەی كاریگەری ئەوان بۆ هێنانەڕیزی ئەندامی نوێ و زیادەڕۆییكردن لە رۆڵی مەركەزی ئەوان لە بەرامبەر گرووپەكانی دیكەدا كە یارمەتی دەدەن، ئەمەش وایان لێدەكات بەهێزتر بن، لەبەر ئەوەی خەڵكی دەیانەوێت بچنە نێویان. من پێموایە داعش ستراتیژیەتێكی راگەیاندنی زۆر پێشكەوتووی هەیە و بەشێك لەو ستراتیژیەتە بریتییە لەوەی رێگە بە كەسی دیكە نەدەن و خۆیان كۆنتڕۆڵی هەواڵ دەكەن لەو شوێنانەی كە داگیری دەكەن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1000)
Top