ئەوروپا چاوی لەوەیە پێشمەرگە داعش تێكبشكێنێت، بۆیە گوێ لە مسرور بارزانی دەگرن

ئەوروپا چاوی لەوەیە پێشمەرگە داعش تێكبشكێنێت، بۆیە گوێ لە مسرور بارزانی دەگرن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ستۆران ستیڤنسۆن پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری ئەوروپا بۆ گوتى: راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی هەرێمێك بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا كراوە كە مسعود بارزانی سەرۆكی ئەو هەرێمەیە، بۆیە دەبێت لە تێڕوانینی ئەوروپاوە بۆ مسعود بارزانی سەیری گرنگی وتارەكەی مسرور بارزانی بكەین، ئەوەی من بە تەواوەتی لێی دڵنیام، ئەوەیە ئەوروپا زۆر بە بەرزی سەیری مسعود بارزانی دەكات، تەنانەت كاتێك نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، ئەوروپا لە پێگەیەكی زۆر بەرزتر لە مالیكی سەیری سەرۆك مسعود بارزانی دەكرد، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوروپا دەزانێت بارزانی لە كوردستاندا چۆن سەرۆكایەتی كردووە، وڵاتەكەی مسعود بارزانی دەرگاكانی كردۆتەوە بۆ ئاوارەكان و بۆ داڵدەدانی ئەو خەڵكانەی پێویستییان بە داڵدەدان و یارمەتی هەیە، هەروەها ئەوروپا ئەوەی لەبەر چاوە كاتێك مەسیحییەكان لە ناو عێراق سەركوت دەكران و ئێستا كە لەلایەن داعشەوە سەركوت دەكرێن، هەرێمی كوردستان چۆن پێشوازی لێكردوون و چۆن زەمینەی پێكەوەژیانی فەراهەم كردووە، ئەمەش ئەوەی سەلماندووە كە رۆژئاوا بە ئاسانی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بكات كە مسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.

هەروەها ستۆران ستیڤنسۆن گوتی: بەداخەوە هەرەسهێنانی سوپای عێراق سەری كێشا بۆ زیادبوونی میلیشیا شیعەكان كە پشتیوانی كران و پڕچەك كران و تەنانەت لەلایەن فەرماندەی سەربازی ئێرانەوە سەركردایەتیش كران. لە ئێستادا هاوپەیمانان و دەوڵەتانی ئەوروپا لەو رێگە دەگەڕێن كە چۆن بتوانن هاوكاری ئەو هێزانە بكەن كە لەسەر زەوی دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەو رێگەیەش تەنها یەك رێگەیە و دەبێت هەموو خێڵەكانی عەرەبی سوننە یەكبخرێن و مەشقیان پێبكرێت و پاشان بە هاوكاری لەگەڵ پێشمەرگە و بە سەركردایەتی مسعود بارزانی رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەمەش تەنها رێگەیە بۆ تێكشكاندنی داعش، لەم چوارچێوەیەدا هۆكارەكە ئاشكرایە بۆچی پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە برۆكسل گوێ بۆ وتارەكەی دەگرن.


هەروەها ستیڤنسۆن گوتی: سەركردەكان لە رۆژئاوا و لە نێویاندا ئۆباما لە ئەمریكا، هەروەها كامیرۆن و فرانسوا هۆلاند و ئەنجێلا مێركل دان بە مسعود بارزانی و سەركردایەتییە تۆكمەكەیدا دەنێن، وەك باشترین رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش لە سەر زەوی. دیارە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش، راستەوخۆ راوێژكاری (سەرۆك بارزانی)یە و بەشدارە لە ستراتیژیەتی شەڕی دژەتیرۆردا بەوەی لەسەر زەوی چۆن رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە، ئەوەی تا ئێستا دەركەوتووە، ئەوەیە گورزە ئاسمانییەكان كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لایەن ئەمریكا و بە هاوكاری هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەنجامدراون، رۆڵێكی باشیان هەیە لە دژی داعش، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ تێكشكاندنی داعش، ئێمە پێویستمان بە هێزی زەمینی هەیە و ئێستاش ئەو هێزە پێشمەرگەن و لە ژێر سەركردایەتی (بارزانی)دان كە ئەزموونی چەندین ساڵ شەڕكردنی هەیە و سەركردەیەكی بەهێزە و ئێمە لە رۆژئاوا چاومان لەوەیە بارزانی سەركردایەتی و رێبەرایەتی ئەو شەڕە بكات، ئێمە دەتوانین بە گورزی ئاسمانی و بە پێدانی چەك هاوكاری بكەین، بەڵام پێویستمان بە ئازایەتی پێشمەرگە و سەركردایەتی دروستی مسعود بارزانی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بین كە دەتوانین داعش تێكبشكێنین.


شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا ستۆران گوتی: بانگهێشتكردنی مسرور بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، ئەم داواكردنە لە پەرلەمانی ئەوروپا كە تاكە رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش بریتییە لە پێدانی چەكی قورس و نوێ بە پێشمەرگە و هەروەها پشتیوانی لۆجیستی. من پێموایە ئەگەری زۆرە كە وڵاتانی ئەوروپا بە ئیجابی لەم داواكارییە بڕوانن و باوەڕم وایە ئەو چەكانە بە پێشمەرگە دەدەن كە پێویستی پێیەتی. ئێمە لە ئەوروپا واقیعبینیانە لەگەڵ دۆخەكە مامەڵە دەكەین و دوودڵین لە ناردنی سەرباز، ئێمە نامانەوێت لە ناكۆكییەكی ناوچەیی لە ناو عێراقدا تێوەبگلێین، بەڵام دەبێت بەو شێوەیە لە پێشمەرگە بڕوانین كە تاكە هێزە دەتوانێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە و بیبەزێنێت، پێشمەرگەش چەكی نوێی پێویستە و پێموایە رۆژئاوا بۆی دەستەبەر دەكات، كاتێك لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1000)

Top