ئەگەر بەغدا نەتوانێت لەگەڵ هەولێر كێشەكانی چارەسەر بكات دەوڵەتی كوردستان دادەمەزرێت

ئەگەر بەغدا نەتوانێت لەگەڵ هەولێر كێشەكانی چارەسەر بكات دەوڵەتی كوردستان دادەمەزرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دەیڤید ئۆتاوا ئەكادیمیست و رۆژنامەنووسی جیهانی بۆ گوتى : تاكتیكی داعش بە كوشتنی سەدان كەسی چەند خێڵێكی سوننەی دیاریكراو كە بەرهەڵستیان كرد، موعاڕەزەیەكی زۆری بۆ دروست كردوون، بەهۆی ئەوەی بەم جۆرە هەڵسوكەوت لەگەڵ خەڵكدا دەكەن. لەبەر ئەوە بەلای منەوە روون نییە كە بەكارهێنانی ئەم تاكتیكە بە ئومێدی ئەوەی خێڵە سوننەكان ناچار بكەن پشتیوانییان بكەن، ببێتە هۆی دروستبوونی ئیرادەیەكی باش لە نێو خێڵە سوننەكاندا بە شێوەیەكی گشتی. ئەوەی كاریگەری لەسەر سوننەكان دەكات، بریتیە لەوەی تا چەند حكومەتی بەغدا- كە شیعەكان باڵادەستن بەسەریدا- سازشی جددییان لەگەڵدا دەكات و بەشدارییان پێدەكات لە حكومەتدا و دان دەنێت بە خەونە هەرێمییەكانیاندا، ئەوە هەنگاوێكە بە شێوەیەكی كۆنكرێتی یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لە داعش رزگار بكەن لە ناوچەكانیاندا، بەدەستهێنانی ئەمەش چەندین مانگی دەوێت، ناشزانین ئایا سەركەوتوو دەبێت، یان نا، بۆردومانكردنیش بە تەنها كێشەكە چارەسەر ناكات، ئەمەش تەنها پێویستی بە هێزی پێشمەرگە و كورد نییە، بەڵكو پێویستی بە هێزی خێڵە سوننەكانیش هەیە كە بەشداری شەڕەكە بكەن، بەلای منیشەوە روون نییە كە ئایا ئەمە لەسەر ئاستێكی بەربڵاو روودەدات بۆ رزگاركردنی پارێزگای ئەنبار لە كۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ئیسلامی یان نا.

هەروەها دەیڤید ئۆتاوا گوتی: رۆژئاوا لە سەرەتاوە هاوكاری هەرێمی كوردستان كرد كاتێك داعش ویستی بێتە هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام دەبوو لەلایەن ئەمریكا و رۆژئاواوە كاردانەوەیەكی راستەوخۆ هەبێت بۆ رێگەگرتن لە روودانی ئەوە، تا ئێستا كوردەكان زۆر ئامادەن بۆ بەرهەڵستیكردنی هەوڵەكانی بەرفراوانبوونی دەوڵەتەكەی داعش. لەبەر ئەوە ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوایی دەستیان كرد بە كاركردن لەگەڵ كورددا و هەروەها لە سووریاش. بەڵام بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا قەناعەت بە وڵاتانی دیكەی عەرەب و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوا بكەن كە ئەمە شەڕی ئەوانیشە و دەبێت سوننەكانیش بهێننە ریزی خۆیانەوە.

ئۆتاوا هەروەها گوتی: ئەگەر داعش تێكبشكێندرێت، ئەوا ئەگەری ئەوە نییە سنوورەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت. پێموا نییە ئەو خاكانەی لە ئێستادا كۆنتڕۆڵیان كردووە، دەوڵەتێكی قابیلی بەردەوام بوون و بەرەوپێشچوونی بۆ داعش لێبكەوێتەوە، رێگەیەكی دوور و درێژی لە پێشە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم حاڵەتە. تاكە دەوڵەتێكی نوێ كە ئەگەری ئەوە هەبێت لەم بارودۆخەوە دروست بێت، بریتییە لە هەرێمی كوردستان، چونكە خاكی خۆیان هەیە، بە چەشنی كوردەكانی سووریا نین كە سێ كانتۆنی جیاوازیان هەیە و لە رووی خاكەوە یەكپارچە نین. هەرێمی كوردستان خاكی خۆی هەیە و سەرچاوەی خۆی هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، بە راشكاوی ئەگەر حكومەتی بەغدا نەتوانێت رێگەیەك بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت لەگەڵ ئەوانی دیكەدا بدۆزێتەوە، كە ئەمەش نەك تەنها هەرێمی كوردستان، بەڵكو ناوچە سوننەكانیش بگرێتەوە، ئەوا بۆی هەیە دەوڵەتێكی نوێ لەمەوە دروست بێت لە كوردستانی عێراق. بەڵام هێشتا گرفت هەیە لەوەی دەوڵەتی ئیسلامی ئابوورییەكی جێگیری هەبێت كە قابیلی بەردەوام بوون و گەشەكردن بێت، لەبەر ئەوەی لە هەر چوار لاوە بە دوژمن دەورە دراوە، كە دەڵێن رۆژانە یەك ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت- بە نایاسایی- بەدەست دەهێنن، كە دەكاتە 360 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام دەوڵەت بەوە بەڕێوە نابردرێت. من وانازانم ئابووریی دەوڵەتەكەی داعش قابیلی ژیان و گەشەكردن بێت.

لە درێژەی قسەكانی دەیڤید هەروەها گوتی: ئەمە شەڕێكی درێژخایەنە و رێگەیەكی راست و تەخت نییە و سەركەوتنی كاتی و شكستی كاتی روودەدات، پێداگیرییەكی زۆری دەوێت و كارامەییەكی دیپلۆماسی زۆری دەوێت بۆ هێشتنەوەی هاوپەیمانێتیەكە پێكەوە بۆ پاشەكشەپێكردنی دەوڵەتی ئیسلامی، من هیچ بەدیلێكی دیكە نابینم جگە لە رووبەڕووبوونەوەی. ئەولەوییاتەكانی هاوپەیمانان چەند جیاواز بن لە ئەولەوییاتەكانی ئەمریكا، ئەوا دوژمنێكی هاوبەش هەیە، بەلای سعودیەوە خەلافەتێكی نوێ دەبێت لەلایەن داعشەوە كە درێژ دەبێتەوە بۆ سعودیە، بۆ مەككە و مەدینە، كەواتە دوژمنی هاوبەش هەیە، ئەگەرچی ئەولەویەتی جیاوازیش هەبێت، لەبارەی ئەوەی سەرەتا شەڕ لەگەڵ كێدا بكرێت.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1000)
Top