لیژنەی سامانە سروشتییەكان داوای سەربەخۆیی ئابووری دەكات
دڵشاد شەعبان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەكانی سامانە سروشتییەكان و دارایی بەیەكەوە راپۆرتێكیان ئامادەكردووە، كە ناوەرۆكی راپۆرتەكە پێكهاتووە لە راسپاردە و پێشنیاز بۆ ئەو لیژنەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بڕیار وایە لە داهاتوودا سەردانی بەغدا بكات.
گوتیشی: لە ناوەرۆكی راپۆرتەكەدا باس لە بودجە و مووچە و ئیمتیازاتەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كراوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستاندا وەكو لیژنەی سامانە سروشتییەكان راپۆرتێكمان ئامادەكردووە و تێیدا پێشنیازمان كردووە ئەگەر حكومەتی عێراق رازی نەبوو لەسەر هەناردەكردنی بودجەی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی ئابووری رابگەیەنێت".
وابڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك ئەنجامبدات و تێیدا لیژنەكانی سامانە سروشتییەكان و دارایی راپۆرتی خۆیان بخوێننەوە و پرسی رۆشتنی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان بۆ بەغدا تاوتوێ بكرێت.
رووداو
