بەریتانییەكان داوادەكەن سزای ئابووری بخرێتە سەر قەتەر
لە راپرسییەكەدا كە رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا ئەنجامیداوە، پرسیاری ئەوە دەكات: ئایا پێویستە شەرەفی میوانداریكردنی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر بسەندرێتەوە، تا ئەوكاتەی بۆ جیهانی دەسەلمێنێت كە رێگە لە هاوكاریكردنی ماددی گرووپە توندرەوەكان دەگرێت؟ لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدا نزیكەی ٢٠٠٠ كەس بەشدارییان كردووە و بەگوێرەی ئەنجامەكانیش نزیكەی لەسەدا حەفتاودووی بەشداربووان بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدان، رێگەگرتن لە هاوكاریكردنی ماددی گرووپە توندرەوەكان بكرێتە مەرجی ئەنجامدانی مۆندیال لەو وڵاتە.
ئەو راپرسییە دەریدەخات كە دەبێت گوشار بخرێتە سەر فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ فیفا بۆ ئەوەی هەوڵبدات قەتەر بە ئاشكرا باس لەو هاوكارییانە بكات كە لە وڵاتەكەیەوە بۆ گرووپە توندڕەوەكان دەنێردرێن و بەجدی هەوڵی كۆتاییهێنان بەو جۆرە هاوكارییانە بدات. بەبێ ئەمەش رێگە نەدرێت مۆندیال لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.
هەر لەو راپرسییەدا ئەوەش دەركەوتووە كە 71% بەشداربووان لەسەر ئەوە هاوڕان، هەوادارانی تۆپی پێ و بازرگانەكان دەبێت بایكۆتی جامی جیهانی قەتەر لە ساڵی ٢٠٢٢ بكەن، ئەگەر هاتوو قەتەر لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێكی نەنا و فیفاش بە ئەنجامدانی مۆندیال رەزامەندی نیشاندا.
لە پرسیارێكی دیكەشدا سەبارەت بە بەشداریكردنی ئینگلاند لەو مۆندیالەدا، نزیكەی 68% بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان لەكاتی ئەنجامدانی مۆندیال لەو وڵاتە و هەنگاونەنانی قەتەر بۆ ئەو داواكارییە، ئەوا پێویستە ئینگلاند خۆی لەو مۆندیالە وەك ناڕەزایەتیەك لەبەرامبەر حكومەتی قەتەردا بكشێنێتەوە و بەشداری نەكات.
هەروەها 50%ی بەشداربووانیش داوا دەكەن بەریتانیا سزای ئابووری بخاتە سەر قەتەر و بازرگانیكردنی نێوان قەتەر و بەریتانیا بوەستێنرێت.
رووداو
