لەبەر دوو هۆكار بووە.. قەیرانی غاز لە هەرێمی كوردستاندا چارە كرا
ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (عەلی هالۆ)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "دوای دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەرێمی كوردستان، ئێمە بەدواداچوونمان كرد و دیار بوو لەبەر دوو هۆكار ئەو قەیرانە دروست ببوو، یەكەمیان كۆمپانیای دانە غاز كە غاز بەرهەم دەهێنێت كاری چاكردنەوەی هەبوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە كاری خۆی تەواو كردووە و دەستی بە كار كردووەتەوە كە پێشتر 600تۆن غازی بەرهەم دەهێنا، بەڵام لە دوای چاككردنەوە، بۆ800 تۆن زیاد بووە".
گوتیشی، هۆكاری دووەم ئەوە بوو كە، ئەو بەشە غازەی لە كەركووكەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەهات، لە لایەن حكوومەتی بەغداوە بڕدرابوو، بەڵام پێش چەند رۆژێك ئەو بڕیارەیش هەڵوەشایەوە و200تۆن غاز لە كەركووكەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت.
(هالۆ) ئاماژەیشی دا كە، لە ئێستادا كێشەی غاز كۆتایی پێ هاتووە و چارە كراوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی داوە لەكەڵ قایمقامیەتی شارەكاندا بەدواداچوون بكات و لەهەر شوێنێك غاز بە گرانی بفرۆشرێت، لێپێچینەوە لەگەڵ فرۆشیارەكەیدا دەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان زیاتر گوتی، لە هەر شوێنێك غاز گران بفرۆشرێت، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بكەن، بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
