داعش لە مووسڵ سەرجەم وتارخوێنی مزگەوتەكان دەگۆڕێت.. فڕۆكە جەنگییەكان گردبوونەوەی تیرۆریستان دەكەنە ئامانج
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عیسمەت رەجەب)، بە KDP.info-ی راگەیاند، دوێنێ تیرۆریستانی داعش لە شاری مووسڵ هەموو وتارخوێنانی رۆژی هەینییان گۆڕیون و چەكدارانی خۆیان لە شوێنیان داناون و وتاری هەینییان داوە.
(عیسمەت) گوتیشی، شەوی رابردوو چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ لە ماڵی بەڕێوەبەری تەندروستیی مووسڵ دكتۆر (سەڵاحەددین زەنوون) لە ناوچەی ئەلجوسق لەلای راستی شاری مووسڵ كە تیرۆریستان كردوویانەتە بارەگای خۆیان، بۆمبێكی چێندراویان دانابووەوە بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی زیاتر گوتی، هەر شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان گردبوونەوەیەكی چەكدارانی داعشیان لە كێڵگەی نەوتی ئەلمەشرق لە رۆژهەڵاتی مووسڵ كردە ئامانج و لە ئاكامدا دوو تیرۆریست كوژران و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون.
