سەرقاڵی ئەوەن چەکی پێشکەوتووتر بۆ پێشمەرگە بنێرن.. مەسروور بارزانی و وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆ بوونەوە

 سەرقاڵی ئەوەن چەکی پێشکەوتووتر بۆ پێشمەرگە بنێرن.. مەسروور بارزانی و وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆ بوونەوە
لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ (مەسروور بارزانی)، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، وێڕای بەرزنرخاندنی قوربانی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، بەریتانیا هیچ سنوورێکی سیاسی نییە بۆ هاوکاریی پێشمەرگە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەن بزانن، بۆ چەکی پیشکەوتووتر چۆن بتوانن لە نزیکترین دەرفەت کارئاسانی بۆ پێشمەرگە بکەن و، چەکی زیاتر و باشتریان پێ بگەیەنن. لە بەرانبەردا (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، پڕچەککردنی پێشمەرگە بە واتای خێراتر شکست پێبردنی تیرۆریستانی داعش.

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ بەریتانیا ، ئیوارەی ئەمڕۆ هەینی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان(مەسروور بارزانی) لە باڵاخانەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە لایەن وەزیری بەرگریی بەریتانیا(مایکل فالۆن) و ژەنەراڵ (سایمۆن مایل)، نێردراوی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ شەڕی دژەتیرۆر، پیشوازی لێ کرا.

لە دیدارێکدا، وەزیری بەرگریی بەریتانیا سەرسامیی خۆی بە ئازایەتی و لە خۆبردوویی پیشمەرگەی کوردستان دەربڕی و باسی سەردانە سەرکەوتووەکەی چەند رۆژی پێشووی کرد بۆ هەرێمی کوردستان. (مایکل فالۆن)، دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان ئیستا بووەتە پێگەی سەرەکیی شەڕی دژی تیرۆریستان و ئازایەتی و خۆراگریی پیشمەرگە و گەلی کوردستان هەموو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرسام کردوە. لەم رووەشە و بەریتانیا پابەندە بە هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ پێشمەرگە و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی پێویست بۆ پێشمەرگە و مەشق و راهێنانی پێویست.

وەزیری بەرگریی بەریتانیا دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بە تەنیا جێ ناهێلێت و پێکەوە دەبن تا شکستپێهێنانی یەکجارەکیی تیرۆریستان .

لە لای خۆیەوە، (مەسروور بارزانی)، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە، بە ناوی خۆی و گەلی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینی زۆری گەیاندە وەزیری بەرگریی بەریتانیا بۆ هەموو ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەهێزەی کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای بەریتانیادا هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان .

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، کە تیرۆریستانی داعش بە تەنیا هەڕەشە نین لە سەر گەلی کوردستان، بەڵکو هەڕەشەن لە سەر تەواوی ئازادیخوازانی جیهان و پێویستە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی فراوان هەبێت بۆ شکستپێهێنانیان لە هەموو ئاستێکدا. جەختیشی کردەوە، کە گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بە گیانفیداییی خۆیان لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریستان دەکەن و تەنیا شوێن کە شکستی بە تیرۆریسیتان هێنابێت خەلکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوون. هاوکات داوای کرد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، زیاتر بە تەنگ پڕچەککردنی پێشمەرگەوە بێن و چەکی مۆدیرن و پێشکەوتوو بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکرێت، تاوەکو بتوانرێت خێراتر تیرۆریستانی داعش شکست پێ بهێنرێن و مەترسییەکانیان لە سەر مرۆڤایەتی دوور بخریتەوە.
لەم رووەوە (مەسروور بارزانی) روونی کردەوە کە، "وێڕای سوپاسگوزاریمان بۆ ئەو هەموو هاوکاریانەی کە تائیستا گەیەنراونەتە پێشمەرگە، بەڵام نەیشاردەوە کە تا ئێستا چەکی قورس و پێشکەتووی ئەوتۆ لەلایەن هاوپەیمانانەوە وەک پێویست نەدراونەتە پێشمەرگە و داوای کرد، هەرچیی زووترە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت، تاوەکو پێشمەرگە بتوانێت گورزی گەورەتر لە تیرۆریستان بدات و هەڕەشەکانیان و تواناکانیان لە ناو ببات."

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دووپاتی کردەوە، کە گەلی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (سەرۆک بارزانی) و گیانفیداییی پێشمەرگە قارەمانەکان، تا دواهەناسە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و ناهێڵن یەک بست لە خاکی کوردستان لە بن دەستی تیرۆریستان بمینێت، لەو رووەشەوە ئیرادەی گەلی کوردستان بەهێزە و تا هێنانەدی ئامانجەکانمان ناوەستین."

وەزیری بەرگریی بەریتانیا، وێڕای بەرزنرخاندنی قوربانی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "بەریتانیا هیچ سنوورێکی سیاسی نییە بۆ هاوکاریی پێشمەرگە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بزانین، بۆ چەکی پیشکەوتووتر چۆن بتوانین لە نزیکترین دەرفەت کارئاسانی بۆ پێشمەرگە بکەین و، چەکی زیاتر و باشتریان پێ بگەیەنین."

دواتر هەردوولا لە سەر چەندین تەوەری دیکەی گرینگ، گفتوگۆیان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی ئەم کۆبوونەوە گرینگانە کردەوە.

لە 4-11-2014 ئەو مانگەدا، ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا راگەیاند كە، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، بە فەرمی بۆ لیژنەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا بانگهێشت كراوە و، لە بابەت بارودۆخی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان، رەوشی ئاوارەكان، چەند پرسێكی دی، كۆ دەبێتەوە.

سێشەممەی رابردوو، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان(مەسروور بارزانی)، لە لیژنەی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپادا لە برۆكسل- بەلژیكا، گوتارێكی پێشكەش كرد و، تیایدا چەندین تەوەری هەستیاری لەبابەت هەرێمی كوردستان، عێراق، جەنگی دژ بە تیرۆر، رەشی ئاوارەكان، رۆژهەڵاتی ناوین و، رۆڵی ئەمەریكا و ئەورووپا لە ناوچەكە، شیی كردەوە و دواتریش وەڵامی پرسیارەكانی ئامادەبووانی دایەوە، لە میدیای جیهانی، ناوخۆیی و پەرلەمانی ئەورووپایش، بە بایەخەوە لە گوتارەكە روانرا.
Top