داعش لە تەقاندنەوەی مەزارگەی شەرفەدیندا شكستی برد

 داعش لە تەقاندنەوەی مەزارگەی شەرفەدیندا شكستی برد
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، داعش دەیەوێت گەورەترین مەزارگەی ئێزدییەكان بتەقێنێتەوە، بەڵام پێشمەرگە ڕێگەیان پێ نادات و هەوڵەكانی داعشیش شكستیان بردووە. جەختیش دەكاتەوە كە، لە سەرجەم میحوەرەكانەوە تیرۆریستان تێك شكاون.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چیای شنگال (ئاشتی كۆچەر)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "چەك و تەقەمەنیی باش گەیەندراونەتە سەر چیای شنگال، لەوانەیش تۆپی 120 ملم و 82 ملم و ئاڕ پی جی و جۆری تری چەک، هەرچەندە داعش جاروبار هێرش دەكاتە سەر چیای شەنگال، چونكە دەزانێت نزیكەی هەزار و 300 خێزان لەوێ ماونەتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەزار و 960 پێشمەرگەیش لە چیای شنگالن و بە توندی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە، تیرۆریستانیش بەو شكستانەی لە زوممار و ڕەبیعە بردیان، ورەیان دابەزیوە و ئێستا دەیانەوێت بە هێرشكردنەسەر چیای شنگال ئەو شكستە بشارنەوە".

(ئاشتی كۆچەر) گوتیشی، "لە سەرجەم میحوەرەكاندا داعش شكستیان بردووە و چەندان كوژراو و برینداریشیان هەبووە، لە كاتێكدا شەو و ڕۆژ فڕۆكەی هاوپەیمانان داعش بۆردوومان دەكەن".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە، لەبارەی ئامانجی سەرەكیی داعش لە گرتنەوەی چیای شنگال، ئاماژەی دا، "داعش دەیەوێت بە هەر جۆرێك بووە ئێزدییەكان لەناو ببات، بەڵام هەرگیز ئەو ئامانجە گڵاوەیان نایەتە دی و پێشمەرگە لووتیان دەشكێنێت".

دەشڵێت، "تیرۆریستان تا ئێستا شەش جار هێرشیان كردووەتە سەر چیای شنگال و سێ جاریش هەوڵیان داوە مەزارگەی شەرفەدین بگرن، چونكە ئەو شوێنە مەزارگەیەكی پیرۆزە لای ئێزدییەكان، بەڵام لە هەموو هەوڵەكاندا شكستیان بردووە و هەمەرەكانیان سووتاون، بە هیچ شێوەیەكیش ڕێگەمان نەداوە بچنە ناو شەرفەدینەوە".
Top