حكوومه‌تی هه‌رێم له پاره‌ی ئاوی 4 مانگ خۆش ده‌بێت
سه‌هه‌ند سیروان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێمی كوردستان به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له ماوه‌ی 40 ڕۆژدا ژمێری میكانیكی تایبه‌ت به بڕی ئاوی به‌كارهێندراو بۆ یه‌ك ملیۆن ماڵ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان داده‌ندرێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له كۆی 14 مۆدێلی پێشنیازكراو، پێنجیان وه‌رگیران و دواتر بۆ ئه‌ڵمانیا نێردران بۆ بڕیارده‌رێكی بێلایه‌ن و له‌وێش سێ مۆدێلی هاوشێوه له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌رجانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێم ده‌گونجێن هه‌ڵبژێردران.
سه‌هه‌ند سیروان ڕوونیشی كرده‌وه ئه‌و سێ مۆدێله‌ی هه‌ڵبژێردران یه‌كه‌میان ئه‌ڵمانكرده و نرخه‌كه‌ی 37 هه‌زار دیناره و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان توركیا كرده و نرخه‌كه‌ی 38 هه‌زار و 500 دیناره و سێیه‌میشیان ئیتاڵیاكرده و، نرخه‌كه‌ی 42 هه‌زار و 500 دیناره".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر كام له‌و مۆدێلانه‌دا ئازادن بۆ كڕین و دانانی".
به‌رامبه‌ر به به‌خشینیان له پێدانی كرێی به‌كارهێنانی ئاو بۆ ماوه‌ی چوار مانگ به‌و مه‌رجه‌ی ڕێژه‌ی به‌كارهێنان له 160 مه‌تری سێجا بۆ یه‌ك مانگ زیاتر نه‌بێت، به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان ئه‌و ژمێره‌یان دانه‌نا ئه‌وكات ده‌بێ بۆ هه‌ر مانگێك 100 هه‌زار دینار غه‌رامه بده‌ن.
