هەڵگورد حیكمەت: داوامان کردووە هێرشە ئاسمانییەکان لە کۆبانی و هەرێم چڕتر بکرێنەوە

 هەڵگورد حیكمەت: داوامان کردووە هێرشە ئاسمانییەکان لە کۆبانی و هەرێم چڕتر بکرێنەوە
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە ئاست خواستی ئەواندا نییە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، پێشمەرگە پێویستی بە هاوكاریی زۆرتر هەیە. دەشڵێت، داوایان كردووە هێرشی ئاسمانی، زیاتر چڕ بكرێنەوە چ لە كۆبانی و چ لە هەرێمی كوردستانیش.


بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت)، بۆ KDP.info گوتی، "تەواوی ئەو چەك و تەقەمەنیانەی كە بۆ پێشمەرگە هاتوون، لە ئاست پێویستدا نین و ئەم ڕێژەیە وەك پێویست نییە، لە كاتێكدا پێشمەرگە پێویستی بە چەكی قورسە، بەڵام ئامادەكارییەكی باشی سەربازی لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیە، بۆ ئەوەیش كە پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان و ئەم ناوچەیە لە خەمی تیرۆریستان ڕزگاریان بێت، دەبێت سەرجەم ئەو پێداویستیانە بۆ پێشمەرگە دابین بكرێن كە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) لە گوتاری پەرلەمانی ئەورووپادا ئاماژەی پێ دان".

عەمید (هەڵگورد) ئەوەیشی خستەڕوو كە، وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ هاوپەیمانان، داوای كردووە چەكی پێویست و قورس و جۆرەكانی تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە زیاتر بكرێن.
گوتیشی، "داوامان كردووە هێرشی ئاسمانی زیاتر چڕ بكرێنەوە چ لە كۆبانی و چ لە هەرێمی كوردستانیش".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت، ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی پێشمەرگە ستەمی لە پێشمەرگە نەكردبایە و هاوكاریی سەربازی و ڕاهێنان و چەكی بە پێشمەرگە بدایە، داعش نەیدەتوانی هەڕەشە بێت بۆ ناوچەكە و تەنانەت بستێك خاكی كوردستانیش داگیر بكات، بە داخەوە تا ئێستایش بابەتی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا، یەكێكە لە گرفتە هەڵواسراوەكان، بۆیە ئێمە داوا دەكەین كە هاوپەیمانان بە جیددی هاوكاریی سەربازیی پێشمەرگە بكەن."
Top