داعش لە كۆبانێ دووردەكەوێتەوە و روو لە حەلەب دەكات
دیمستۆرا گوتی: "ئەوە وەستاندنی داعشە، دەبێت كوشتار لەو ناوچانە بووستێنین و بۆ ئەوەی تیشك بخەینە سەر كارەكانی ئەو رێكخراوە، حەلەبیش یەكێكە لەو شارانەی كە دەتوانین ئەو كارەی تێدا ئەنجام بدەین".
لای خۆیەوە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوایكرد هێزەكانی هاوپەیمانان روو لە حەلەب بكەن و رەخنەشی لە تیشكخستنە سەر كۆبانێ گرت، لە كاتێكدا دانیشتووانی حەلەب زیاتر لە 300 هەزار كەس لەخۆدەگرێت. هەروەها گوتیشی "جەنگی سەرەكی لە حەلەبە نەوەك كۆبانێ".
داواكاری بۆ رزگاركردنی حەلەب لە كاتێكدایە كە سوپای حكومەتی بەشار ئەسەد ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر شاری حەلەب و ئەو شوێنانەش دەكاتە ئامانج كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە. هەروەها نزیكەی 10 رۆژە بە بەرمیلی پڕ لە تەقەمەنی ئەو شوێنانە بۆردوومان دەكات.
رووداو
