مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا وتارێک پێشکەشدەکات
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، کە پڕ چەککردنی پێشمەرگە مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە هەرێمی کوردستان، "پێویستی بە پەلەمان بە هاوکاری سەربازی هەیە".
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی داعش کرد و رایگەیاند، کە "دوای هێرشەکان، توانیمان چەندین شوێن لە دەستی داعش رزگار بکەین".
مەسرور بارزانی لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان، رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان، پشتگیری لە پرۆسەکە دەکات.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێیوابوو، کە باشووری کوردستان تەنیا بۆ خۆی دژایەتی داعش ناکات، بەڵکو "ئێمە لە بڕی هەموو جیهان شەڕی داعش دەکەین" و ئاماژەی بەوەشکرد، کە "حکومەتی عێراق گوشار دەخاتە سەر وڵاتان"، بۆ ئەوەی هاوکاری پێشمەرگە نەکەن.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا، باسی لە شەهیدبوونی سێ برای پێشمەرگە لە بەرەکانی دژی داعش، کە خەڵکی دەڤەری سۆران بوون و لە ناوچەی زوممار شەهیدکران، کرد و رایگەیاند، کە "لەبیر ناکرێن".
رووداو
