نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له وه‌زیرى به‌رگریى عیراق ده‌كات
له دیدارێكدا كه به‌ڕێز وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش ئاماده‌ى بوو، داكۆكى له‌سه‌ر هوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عیراق كرایه‌وه و به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگریى عیراق ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستاندا به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و به‌تایبه‌تى تیشكى خسته سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى ڕزگاركردنى زوممار و ره‌بیعه له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه و ده‌رهێنانى ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى تیرۆرستانى داعشدا، به هه‌نگاوێكى گرنگ و مایه‌ى سوپاس و ده‌ستخۆشى له قه‌ڵه‌م دا.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه ئه‌و، پێشمه‌رگه‌ى كوردستان وه‌ك به‌شیك له سیسته‌مى به‌رگریى عیراق ده‌بینێ و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى كێشه‌كانى پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش هیواى خواست سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى شاندى هه‌ریمى كوردستان بۆ به‌غدا، ببێته ڕێخۆشكه‌رێك بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌ى هه‌موو كێشه‌كان. هه‌روه‌ها باسى له پێویستیى به‌هێزكردنى تواناكانى سوپاى عیراق كرد و ڕایگه‌یاند ئێستا سوپا له دۆخى به‌رگرییه‌وه چووه‌ته دۆخى هێرشبردن.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وش و پشهاته سه‌ربازییه‌كان و گرنگیى به‌شداریپێكردنى هۆزه‌كانى عیراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستاندا و دروستكردنى هێزى به‌رگرى نیشتمانى له گه‌نجانى ناوچه جیاجیاكانى عیراق تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه دروستكردنى هێزى ناوچه‌یى له هۆز و خێڵه‌كان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ى جه‌نگى دژى تیرۆر پێویسته و گاریگه‌ریى باشى له‌سه‌ر گۆڕینى هاوكێشه‌ى سه‌ربازى له‌سه‌ر زه‌وى ده‌بێت.
ڕۆڵى هاوپه‌یمانان له جه‌نگى دژى داعشدا ته‌ورێكى دیكه‌ى قسه و باسى دیداره‌كه بوو، تیایدا ستایشى هێرشه ئاسمانییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر بنكه و مۆڵگه‌كانى داعش كرا، كه كاریگه‌رییه‌كى زۆرى كردووه‌ته سه‌ر جموجۆڵ و گواستنه‌وه‌ى هاتوچۆى ئه‌وان و سیسته‌مى پشتیوانیى سه‌ربازیى ئه‌وانى به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو په‌ك خستووه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان وێڕاى به‌خێرهێنان و خۆشحاڵى به سه‌ردانى به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگریى عیراق و شاندى یاوه‌رى، دووپاتى كرده‌وه كه سه‌ره‌ڕاى كاریگه‌ریى هێرشه ئاسمانییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له دژى پێگه و مۆڵگه‌كانى داعش، به‌ڵام ئه‌و هێرشانه به ته‌نیا به‌س نین و شه‌ڕى دژى تیرۆر پێویستى به گۆڕینى ستراتیژى هه‌یه و ده‌بێ هێزه‌كانى سه‌ر زه‌وى و یه‌كه سه‌ربازییه‌كانیش له‌گه‌ڵ بۆمبارانه سه‌ربازییه‌كاندا، به‌هێز بكرێن و چه‌ك و تفاقى پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌شداربوونى وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانى له هاوپه‌یمانیى نیوده‌وڵه‌تیى دژى تیرۆردا به گرنگ و كاریگه‌ر له قه‌ڵه‌م دا و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌بوونى وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان له هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كه‌دا كاریگه‌ریى زۆرى ده‌بێت. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراقیش، ڕایگه‌یاند: ئێمه به گه‌شبینییه‌وه سه‌یرى دواڕۆژى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
