مەلا بەختیار: بۆ پارێزگاری سلێمانی ئەم سێ پێشنیازەمان داوەتە گۆڕان

 مەلا بەختیار: بۆ پارێزگاری سلێمانی ئەم سێ پێشنیازەمان داوەتە گۆڕان
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایكرد، كە ئەوان سێ پێشنیازیان بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی داوەتە گۆڕان و دەشڵێ ئێمە لێی پەشیمان نین و لەسەریشی لە گفتوگۆداین.

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە بەهۆی سەردانی شاندی باڵای یەكێتی بۆ بەغدا سازیكردبوو، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا مەلا بەختیار باسی كێشەكانی یەكلایینەكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی كرد ‌و گوتی "هێشتا لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆداین لەسەر ئەو سێ پێشنیازەی داومانەتە گۆڕان".

مەلا بەختیار ئاشكرایكرد، كە سێ پێشنیازەكەی یەكێتی بریتین لە:
1. پارێزگارێكی بێلایەن دابنرێت.
2. دوو ساڵی یەكەم بۆ گۆڕان بێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدەكەیان بگۆڕن.
3. دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی بێت و دواتر گۆڕان سەرپشك بێت لە كاندیدەكەی.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردەوە، كە یەكێتی لەسەر ئەو سێ پێشنیازە گفتوگۆ دەكات.

مەلا بەختیار رەتیكردەوە، پۆستەكانی پارێزگاری هەڵەبجە و سكرتێری پەرلەمانیان بەستبێتەوە بە پارێزگاری سلێمانییەوەو گوتی :" هیچكام لەو پۆستانەمان نەبەستۆتەوە پێكەوەو ئەوانە كەیسی سەربەخۆن و گفتوگۆی جیایان لەبارەوە دەكرێ".

گوتیشی "كاتی خۆی برادەرانی كۆمەڵ بە مەسولییەتەوە پۆستی سكرتێری پەرلەمانیان وەرگرت و پێیانڕاگەیاندین كە هەركاتێك پێویستی كرد ئامادەن بیگۆڕنەوە".





رووداو
Top