سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گرنگییەكی بنەڕەتی بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە
هەروەها ژەنەڕاڵ چارلز گوتی: هیچ گومانێك لای من نییە كە دابەشبوونی ئایینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری كێشا بۆ ناكۆكی لە نێوان گرووپە تایەفەگەرییەكاندا. پێموایە زۆر زەحمەتە بۆ وڵاتە دەرەكییەكان، یان ئەمریكا و ئەوروپا بتوانن ئەو كێشانە چارەسەر بكەن، چونكە پێویستە ئەو كێشانە لەلایەن گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چارەسەر بكرێن. دەبێت بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە هیچ كەسێك لەم توندوتیژی و شەڕە بەردەوامە قازانج ناكات، كاتێك دەگەنە ئەو دەرئەنجامە ئەوا ئامادە دەبن بۆ ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ یەكدا بكەن و لە كۆمەڵگەیەكی فرەییدا بژین. ئێمە بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندوتیژیی سیاسی دەبینین، ئەمەش مایەی تراژیدیایە و ئەمریكا و هیچ وڵاتێكی دیكەی دەرەكیش ناتوانن تەنگژەی تایەفەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەر بكەن. تەنها ئومێدی ئەوە دەكەین سەركردایەتییەك لەم تایەفە ئیسلامییانە دروست بێت، كە ئامادەبن لەگەڵ یەكدا لە چوارچێوەی نەتەوەیەكدا كە فرەڕەنگە لە رووی بیروباوەڕی تایەفەگەرییەوە رێككەوتن بكەن و رێزگرتنی دوولایەنە هەبێت. بەڵام تاوەكو دەگەینە ئەو دۆخە، ئەوا توندوتیژی و نائارامی ناوخۆیی و رووداوی هاوشێوە دەبینین، ئێستا داعشە، بەڵام رەنگە لە ئایندەدا شەڕێكی جیاوازتر ببینین. چارەسەركردنی جیاوازییە تایەفەگەرییەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە بۆ هێنانەدی ئاشتی لە دواڕۆژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە.
شایانی باسە چارلز گوتی: ناكرێت هەڵەكانی مالیكی دووبارە بكرێنەوە، بەڵام پێموایە عەبادی بەهۆی ئەو میراتەی كە حكومەتەكەی مالیكی بۆی بەجێهێشتووە لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە دووچاری زەحمەتی دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو كارە ئەنجام بدات و لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە گرووپە جیاوازەكانی عێراق یەكبخات، ئەگەرنا ناتوانن تەنانەت بە هاوكاری ئەمریكا و هاوكاری رۆژئاواش داعش تێكبشكێنن. واتە دەبێت خەڵكی عێراق پێكەوە كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەمە. من نیگەران دەبم كاتێك خەڵكانێك دەبینیم كە پێشبینی ئەوە دەكەن، تەنیا ئەمریكا دەتوانێت ئەوكێشەیە چارەسەر بكات. ئەمریكا دەتوانێت هاوكاری بكات، بەڵام دەبێت ئەم كارە لەلایەن خەڵكی عێراقەوە بكرێت. دەبێت هەر گرووپێك قوربانی بدات بە بەشێك لەوەی دەیەوێت، بۆ ئەوەی بەرەیەكی بەهێزی یەكگرتوو بۆ بەرهەڵستیكردنی داعش دروست بكەن.
لە كۆتایی دیدارەكەیدا چارلز دۆنلاب گوتی:
هێزە كوردییەكان توخمێكی زۆر گرنگن لە بەرهەڵستیكردنی تیرۆریستانی داعش و گرنگیەكی بنەڕەتییان بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. -بە دڵنیاییەوە من بە ناوی حكومەتی ئەمریكاوە قسە ناكەم-، بەڵام پێموایە زۆر گرنگە ئەمریكا پشتیوانی كورد بكات، لەبەر ئەوەی كورد دۆست و دڵسۆزی ئەمریكا بوون. پێویستە یارمەتییان بدەین لە بەرهەڵستیكردنی داعشدا. بە چەشنی هەر گرووپێكی دیكە، لە ناو كوردیشدا گرووپی جیاواز هەن. هەروەك ئێوە دەزانن، ئەمە رەوشێكی زۆر ئاڵۆزە، بەهۆی پەیوەندییەكانەوە لەگەڵ توركیا، كە توركیاش ئەندامی ناتۆیە، بەڵام پێموایە كورد و سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان بە تایبەتی، گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (999)
