مسعود بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكەی بەدرێژایی تەمەنی هەر پێشمەرگەبووە

مسعود بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكەی بەدرێژایی تەمەنی هەر پێشمەرگەبووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان محەمەدی حاجی مەحمود پێشمەرگە و سیاسەتمەدار بۆ گوتى: یەكێك لە خاڵەكان بەرژەوەندی ئابووریی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپیە لەگەڵ كورد كە خاڵی بنەڕەتییە، مەسەلەی نەوت و زۆر شتی دیكەشە، ئەمە بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی كوردستاندا گەلی كورد لە بواری دیپلۆماسی سەركەوتنی وا مەزن بە دەست بهێنێت، فەزڵی ئەمەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەگەڕێتەوە، كاركردنی كورد بە دیپلۆماسییانە وای لە وڵاتانی دنیا كرد، هاوكاری مرۆیی و سەربازی و چەك بدەن بە كوردستان، ئێمە تا دوێنێ فیشەكێكمان بە قاچاغیش دەست نەدەكەوت، ئێستا فڕۆكەی سەربازی زلهێزانی دنیا لە هەولێر چەك دادەبەزێنن بۆ پێشمەرگە، بە ئاشكرا دەوڵەتان داندەنێن بەوەی هاوكاری كوردو پێشمەرگە دەكەن، ئەمە سەركەوتنی گەورەیە، یان چوونی پێشمەرگە لەم رۆژانەدا بە ئاشكرا بۆ پارچەیەكی دیكەی كوردستان و بە رێڕەوێكی فەرمی نێودەوڵەتی ئەمانە هەمووی خەونە هاتوونەتەدی.


هەروەها حاجی مەحمود گوتی: یەكڕیزی ماڵی كورد یەكێكە لەو فاكتەرە بەهێزانەی كە سەركەوتنی بۆ كورد مسۆگەر كرد، پەندێكی كوردی هەیە، دەڵێت: ئەگەر كلكی تەور دەسكەكەی لە دارەكە نەبێت، نایبڕێتەوە، یان ئەگەر دار پوازی لە خۆی نەبێت ناقڵشێت، هەر شكستێك كە كورد دوچاری هاتبێت لە مێژوودا، هەمیشە هۆكارەكەی ناكۆكی و كێشەكانی ناوخۆی بووە، بەڵام یەكڕیزی میللەتەكەمان و یەكهەڵوێستی سیاسیی حزبەكانی كوردستان دەستەبەری سەركەوتنەكانی میللەتەكەمانن، ئەگەرچی راوبۆچوونی جیاواز هەن، بەڵام كە مەسەلە دێتەسەر كوردو بەرگری لە كوردستان، هەمووان ناچار دەكات لە یەك سەنگەردا پێكەوەو شان بە شانی یەكتر بەرگری بكەن، بۆیە پێموایە یەكڕیزی نیشتمانی و یەكهەڵوێستی هێزە سیاسییەكان دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئیرادەی خەڵكی، بێگومان دنیاش رێز بۆ ئیرادەیەكی یەكگرتووی میللەتێك دادەنێن.


شایانی باسە محەمەدی حاجی هەروەها گوتی: پێش ئەوەی سەیری یەكڕیزی و بە تەنگەوەچوونی كورد بۆ هاوكاری یەكتر بكەین، پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەم هەلومەرجە سیاسیە چۆن هاتۆتە پێشەوە؟ كێ توانیویەتی ئەم هەلومەرجە وا لێ بكات كورد بە دەنگی یەكترەوە بڕوات؟ گرنگیەكەی لەوەدایە كە كورد لە رووی دیپلۆماسیەت و پێوەندیەكانی دەرەوەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، تەماشای ژمارە ناكرێت، چەند پێشمەرگەی باشووری كوردستان بە ناو سێ سەد كیلۆمەتری وڵاتێكی دیكەدا كە ناوی توركیایە و چەند ساڵێك پێش ئێستا هەر بڕوای بە ناوی كوردیش نەبووە، ئەمە وەرچەرخانێكی زۆر گەورەیە رەنگە توركیا ئەمە بۆ خاوكردنەوەی فشاری ئەمریكا بكات، بەڵام دیپلۆماسیەتی كورد و ئەمریكاو كوردو توركیا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە هەولێرەوە روو بكاتە سنووری زاخۆ و لەوێوەش سێ سەد كیلۆمەتر بە ناو خاكی توركیادا بڕوات بۆ بەهاناوەچوونی براكانی لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان، رەتبوونی پێشمەرگە لە كوردستانی عێراق بۆ كوردستانی توركیا و گەیشتنەوەی بە كوردستانی سووریا بایەخێكی گەورەی مێژوویی هەیە، ئەمە خەونێكە چاوەڕواننەكراو بوو، هەنگاوێكی سەركەوتنە كە لە هیچ كتێبێكدا گەورەییەكەی جێی نابێتەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزێكی مەعنەوی و سەربازی بۆ بەدەمەوە چوونی براكانی لە كۆبانی خاكی دەوڵەتی دیكەی بڕیوە.


لە كۆتایی دیدارەكەیدا حاجی هەروەها گوتی: نابێت هیچ شتێك پەشیمانمان بكاتەوە لەسەر مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئێستاش لەگەڵ ئەو رایەدام كە كۆنفیدڕاڵی دەتوانێ چارەسەر بێت بۆ دۆخی گشتی عێراق، چونكە ئێستا دراوسێیەكمان بۆ پەیدا بووە ناوی داعشەو ناسنامەكەشی دیار نییە، بەڵام عێراق ئێستا سێ حكومەتی جیاوازی هەیە، یەكیان لە خوارووی عێراق و یەكیان لە ناوەندی عێراق و ئەوی دیكەشیان هەرێمی كوردستانە، ئەم هێزەی ناوەندە بە ناوی داعش و نەقشبەندی و كێ و كێیە، هەموویان سوننە مەزهەبن، هەموو وڵاتانی عەرەبی سوننەش هاوكارییان بۆ دەنێرێن، رەنگە بە ئەجندای ئەوان وڵاتانی دیكەی دنیاش یارمەتییان بدەن، هەندێكیان لەوانەیە بۆ تەمێكردنی شیعەیە كە لە دوای سەدام تاكڕەوییان لە فەرمانڕەواییدا كرد، بەڵام پێموایە نە حكومەتی عەبادی و نە دوای ئەویش هەر حكومەتێكی دیكە بێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(999)
Top