تەنها بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعش تێكدەشكێندرێن
هەروەها ساڵح قەلاب گوتی: داعش لە ئەلقاعیدەوە هات، لە عێراق سەرەتا زەرقاوی بوو، دواتر ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوت كە وەك پیاوی زەرقاوی كاری دەكرد، ئەوان ماوەیەك دژایەتی سوپای ئەمریكایان كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، دواتر توانییان چەند ئەفسەرێكی سوپای پێشووی عێراق بۆ لای خۆیان راكێشن و بەو شێوەیە هێزیان زیادی كرد، بەڵام هیچ بیر و بۆچوونێكی دیاریكراویان نییە و نازانن چۆن رەفتار دەكەن. داعش لە عێراق سەری هەڵدا و دروست بوو، ئەوان بە شێوەیەكی رێكخراو شەڕ دەكەن، بۆ زانیاریتان لە 20 فەرماندەی دەستەی ئەركانی داعش 19 یان لە گەورە ئەفسەرانی ئەركانی سوپای پێشووی عێراقن و تەنیا یەك ژەنەڕاڵیان خەڵكی سووریایە، جاری یەكەم تیرۆر لە سووریا سەری هەڵداو دەیانویست ئەمریكا لە قوڕەكەی عێراق هەڵسوون، بۆیە چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدرا و دەستی موخابەراتی سووریای لەپشت بوو، لەوانە لێدانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دەرەوە، دواتر لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی سكاڵایان لەسەر بەشار ئەسەد تۆماركرد، ئینجا هەرچی زیندانی هەبوون ناردنیە ناو بەرەی نوسرە و داعش تاكو بە خەڵكەكە بڵێت ئەوە شۆڕش نییە لە سووریا من بەرهەڵستیی تیرۆریستان دەكەم، هەروەها بۆ ئەوەی پشتیوانی و رای عەلەوییەكان زیاتر بۆ لای خۆی رابكێشێت، ژمارەیەكی زۆریانی چەكدار كرد و عەلەوییەكانیش تا ئێستا پتر لە 60 هەزار كوژراو و 170 هەزار برینداریان هەبووە، ئێستاش داعش لە زۆر ناوچەی وەك حمس و حەسەكە و دێرزور نەوت دەردەهێنێت و بە خودی رژێمی سووریای دەفرۆشێتەوە، بۆیە داعش وەك دەوڵەتێكی دەوڵەمەندی لێهاتووە.
شایانی باسە قەلاب هەروەها گوتی: پێشمەرگە وەك پێشەنگی هێز لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش دەركەوتوون، ئێستاش كە توركیا رێگەی داوە پێشمەرگە بەناو خاكەكەیدا بچێتە كۆبانێ هۆكارەكەی ئەوەیە. بەڵام هەتا ئێستا توركیا لە پارتی یەكێتی دیموكراتی( پەیەدە) ی سەر بە ساڵح موسلم دڵنیا نییە، لەبەر ئەوەی حكومەتی توركیا پەیەدە وەك بەشێك لە پەكەكە سەیر دەكات، بۆیە لە روانگەی توركیاوە ئەگەر چەك بدرێتە پەیەدە، گرفت بۆ توركیا دروست دەكەن، لەبەرامبەردا توركیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەڕێز مسعود بارزانی دڵنیان و متمانەی پێدەكەن، كە فەرماندەی هەموو پێشمەرگەكانە، بۆیە توركیا رێگەی دا پێشمەرگە وەك هێزێكی پێشەنگ بەرەو كۆبانێ بڕوات، لێرەدا دەخوازم بە راشكاوی بڵێم، بەڕێز مسعود بارزانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جێگەی متمانە و رێزی هەموو لایەكە و كەسیش ناتوانێت نكۆڵی لەم راستییە بكات، تەنیا ئەگەر یەكێكی گێرەشێوێن و بێ نەژاد و بەد نمەك خۆی لە ئاست ئەم راستییە گێل بكات، بۆیە ئەو بە سەرۆك و كەسایەتییەكی سەركەوتوو دەژمێردرێت.
لە كۆتاییدا صالح گوتی: مەسەلەی داعش و توركیا پەیوەندی بە پەكەكەوە نییە، توركیا پێشتر چاوپۆشیی دەكرد لە خەڵكێك كە لە ئەوروپاوە دەهاتن و خۆبەخش بوون و دەچوونە دەوڵەتە عەرەبییەكان، وای دەزانی ئەوانە مەترسی نین و دەچن شەڕی رژێمی سووریا دەكەن، لە راستیدا وا نییە، لە قۆناغێكدا تەنگەتاویان كردبوون، بۆیە دواتر قەدەغەیان كردن، رای جیاوازیش لەسەر ئەمە هەیە، بۆ نموونە من رام جیاوازە لەگەڵ تورك، ئەو دەوڵەتە مەزنەی توركیا ناكرێ تێكەڵ بكرێت بە پەیوەندیی ئیخوان موسلمین لەگەڵ سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(999)
