نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی بڕینی مووچە سیاسەتێکی دۆڕاوە

 نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی بڕینی مووچە سیاسەتێکی دۆڕاوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا قەیرانی دارایی چارەسەر بكات.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ یەكشەممە 2-11-2014 بەشداریكرد لە مەراسیمی بەجیهانی ناساندنی قەڵای دێرینی هەولێر لەلایەن رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و سوپاسی ئەو رێكخراوەی كرد بۆ هەوڵەكانیان لەو پێناوەدا.

لە بەشێكی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باسی لەوەكرد، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی عێراق بەهۆی ناكۆكی سیاسییەوە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە. نێچیرڤان بارزانی ئەو هەنگاوەی بەغدای بە لە ئەنجامی "سیاسەتی دۆڕاو" وەسفكرد.

نێچیرڤان بارزانی روونیكردەوە، كە بەغدا بە بیانووی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، بەڵام ئەو گوتی "تاوەكو بەغدا بوجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕی، ئێمە نەوتمان نەفرۆشتبوو و دوای ئەوە دەستمان بە فرۆشتن كرد‌و ئەوەی بەغدا دەیگوت هیچ وانەبوو".

لەوەتەی بەغدا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە قەیرانێكی دارایی سەریهەڵداوە، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا قەیرانی دارایی چارەسەر بكەین و بەهیواشین چارەسەری بكەین".

گوتیشی "هەموو لایەنەكان بەو ئامانجە بەشداریی حكومەتی تازەی عێراقمان كردووە بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین و بەشداریكردنمان هەر بەو ئامانجە بووە".






رووداو
Top