وردەكارییەکانی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل
رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، " هەموو هاونیشتمانییان پاش ئەوەی سەردانی ئەو شوێنانەیان كرد، كە پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەكەن و ئەو بەڵگەیەیان پێدرا، كە ئۆتۆمبێلەكەیان هیچ كێشەیەكی نییە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنی تابلۆی نوێ".
بە گوتەی رائید فازڵ حاجی، "ئەمڕۆ دەستكراوە بە گۆڕینی تابلۆ بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك لە سنووری پارێزگای هەولێر، شێوازی ئەو تابلۆیانە هەر هەمان تابلۆی پێشوون، بەڵام بە پلێتی ئەڵمانییە و جیاوازە لەو تابلۆیانەی، كە ئێستا هەن، كە نە ساختە دەكرێت و نە رەنگی تێكدەچێت، تەنانەت بەستنیشی بە شێوەیەكە، كە تەنها بەو برغویانە دەبەسترێت، كە لەلای ئێمە هەیە".
سەبارەت بە نرخی گۆڕینی ئەو تابلۆیانە، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر گوتی، "نرخی گۆڕینی ئەو تابلۆیانە تەنها 36 هەزار دینارە".
گۆڕینی ئەو تابلۆیانە ئێستا تەنها لە پارێزگای هەولێرە و پێدەچێت دوای پارێزگای هەولێر پاریزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە.
رووداو
