پارتی لەبەشی خۆی کورسیەک دەداتە کاکەییەکانی ھەڵەبجە

پارتی لەبەشی خۆی کورسیەک دەداتە کاکەییەکانی ھەڵەبجە
بەرپرسی لقی دوازدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت لەبەشی خۆیان کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجەیان داوەتە کاکەییەکانی ئەو شارە.


بەرپرسی لقی ١٢ پارتی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە فازیل بەشارەتی بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە ھەشتەمین کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە خەریک بوو گرفت لە پێدانی کورسیەک بۆ کاکەییەکانی ھەڵەبجە دروست دەبوو، بۆیە ئەوان رەزامەندیان دەربڕی کە لەبەشی خۆیان کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە بدەنە کاکەییەکان.

گوتیشی: ئەوەی لای ئەوان گرنگە ئەوەیە کە بڕیاری بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ھێندە درێژە نەکێشێت چونکە لەدواجاردا ھاوڵاتیان و دانیشتوانی سنورەکە زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

بەرپرسی لقی ١٢ پارتی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە جەختی لەوەشکردەوە: ھەرپۆستیکێان پێبدرێت لەپارێزگای ھەڵەبجە بەھەموتوانایانەوە بەدڵسۆزیەوە دەیخەنە خزمەتی ھاوڵاتیان و بەئەرکی سەرشانی خۆیان بەرامبەر ھەر داواکاریەکی ھاووڵاتیان جێبەجێ دەکەن.

بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان پۆستی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگار بەر یەکێتی نشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان دەکەوێت ھاوکات پۆستی قایمقامیەتی ناوەندی ھەڵەبجەش دراوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان جێگری یەکەم و دوەمی پارێزگار بۆ یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی دیاری کراوە ھاوکات لە٢٥ کورسیەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵەبجە پێنج لایەنی براوەی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ نیسانی ئەمساڵ ھەریەکەیان چوارکورسی بەربکەوێت بزوتنەوەی ئیسلامیش دووکورسی ولایەنەکانی دیکەش یەکی یەک کورسیان بەردەکەوێت.
Top