میدیا جیهانییەكان چۆن باسی چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دەکەن؟
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز سەبارەت بەو پرسە، ئاماژە بەوە دەكات، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ یەكێك بوو لەو بابەتە گرنگانەی، كە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش زۆر جەختی لەسەرکرابووەوە، کە جەنگی دژ بەو گرووپە لە ناوچەیدا بەهێزتر دەكات.
رۆیتەرز نوسیویەتی، جەنگاوەرانی كورد هەر لەگەڵ بە رێكەوتنیاندا، بە ئاماژەی سەركەوتنەوە رێگایان بەرەو كۆبانێ بڕیوە و گەیشتنی ئەوان بۆ ئەو شارە هاوكات ئاماژەی ئەوەیە، كە توركیا بۆ یەكەمین جارە رێگە بەهێزێكی دیكە دەدات لە دەرەوەی سووریاوە بچنە ئەو وڵاتە، كە بووەتە سیمبولێكی نێودەولەتی لە جەنگی دژ بە گەورەترین هێزی توندڕەوەی جیهانیدا.
ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز، بە هەمان شیوە باس لە چوونی پێشمەرگە دەكات و دەڵێت، پێشمەرگە بە وورەیەكی بەرزەوە بەدەم گوتنەوەی دروشمی " كۆبانێ كۆبانێ" چوونە نێو كۆبانێ، ئەمەش هیوایەكی نوێ بۆ راگرتنی هێرشەكانی داعش دروست دەكات، بە تایبەت كە چەكی قورس و ئەنتی تانكی وەهایان لەگەل خۆیاندا بردووە، کە دەتوانێت ئەو تانكانە بشكێنێت، كە داعش لە هێرشی سەر كۆبانێدا بەكاریان دەهێنێت.
سی ئێن ئێن لە راپۆرتێكی شیكاریدا سەبارەت بە پێشمەرگە و كاریگەرییان لەسەر جەنگی كۆبانێ، نوسیویەتی، چوونی پێشمەرگە پێش هەموو شتێك هێزێكی سیمبولی دەدات بە بەرگریكردن لەو شارە، جگە لەوەش لەچاو هێزەكانی دیكەدا، راهێنانی باشتریان پێکراوە و ئێستاش خاوەنی چەكی قورسن، بەمەش بەرگریكردن لەو شارە پتەوتر دەبێت.
رۆژنامەی ئەلحەیات بڵاویكردووەوتەوە، بە گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان، پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كورد دەچێتە قۆناخێكی تازەوە، كە مێژوویەكی درێژی هەیە و بە تایبەت لەدوای جەنگی 2003ـی عێراقەوە، لەلایەن كوردەوە كاری بۆ دەكرێت.
شەوی رابردوو، ئەو هێزەی پێشمەرگە، کە لە باشووری کوردستانەوە بۆ هاوکاریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل رووی لە رۆژئاوای کوردستان کردبوو، گەیشتە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.
بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و واژۆکردنی لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 150 پێشمەرگە لە هێزی پشتیوانی، رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کران، بۆ پشتگیریکردنی یەپەگە لە شەڕی دژی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
رووداو
