كۆمەڵكوژیی ئێزدییەکان دەخرێتە بەر باس.. لە كۆبوونەوەی پێداچوونەوەی وەرزی جیهانی بۆ بواری مرۆیی، هەرێم بەشدارە

 كۆمەڵكوژیی ئێزدییەکان دەخرێتە بەر باس.. لە كۆبوونەوەی پێداچوونەوەی وەرزی جیهانی بۆ بواری مرۆیی، هەرێم بەشدارە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی شاندێكی عێراقیدا، بەشداریی كۆبوونەوەی پێداچوونەوەی وەرزی جیهانی بۆ بواری مرۆیی لە ژنێف دەكات. لەم كۆبوونەوەیەدا راپۆرتی عێراق بۆ ماوەی چوار ساڵی رابردوو لە بواری مڕۆییدا تاوتوو دەكرێت. ژمارەیەكی زۆری پسپۆڕ و شارەزایانی بواری مافی مڕۆڤ، نوێنەرانی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری كۆبوونەوەكە دەبن كە لە رۆژی 28 ئەم مانگە دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە (د. دیندار زێباری) بە یاوەریی شاندێكی هەرێم بەشداری كۆبوونەوەكە دەبێت كە تیایدا دەستكەوتە مرۆیی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بواری مرۆیی لەماوەی چوار ساڵی رابردوو پێشكەش دەكات. بەتایبەتی ئەو مافانەی كە بۆ كەمایەتییەكانی ئایینی، مەزهەبی و ئەتنیكی لە هەرێمی كوردستان دابین كراوە.

كۆمەڵكوژیی هاووڵاتیانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر تەوەرێكی تری كۆبوونەوەیە بۆ پێداچوونەوە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤی عێراق و هەرێمی كوردستان كە باوەشكردنەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ژمارەیەك زۆری ئاوارە و پەنابەر و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێم و دابینكردنی خواست و پاراستنی كەرامەت و ژیانیان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە دەبێت. چەسپاندنی ئازادیی خۆپیشاندان و رادەربڕین لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێم و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری و دەركردنی یاسای نوێ بۆ كاروباری رێكخڕاوە ناحكوومییەكان بە دەستكەوتە مڕۆیی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو ئەژمار دەكرێن.

حكوومەتی هەرێم هەنگاوی جیددی و یاسایی ناوە بۆ باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و بایەخدان بە مافی كەمایەتییەكان لە بواری پەروەردە و بەشداریی سیاسیی پێكهاتەكان و ئافرەتان و پەسندكردنی ژمارەیەك یاسا و لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و نەهێشتنی جیاوازیی نێوان ژن و پیاو و دابینكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.

دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری مرۆیی، یاسایی، پەروەردە، دابینكردنی ئاشتەوایی، پێكەوەژیان، حوكمڕانیی شەفاف، بەشداریی سیاسیی پێكهاتەكان و بایەخدان بە رۆڵی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لە چوارچێوەی راپۆرتی چوار ساڵەی عێراق، پێشكەش دەكرێت كە وردەكاری و وەڵامی پرسیاری شارەزایانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە لایەن سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەخرێتە ڕوو.
Top