"بەغدا بێوەیە"، ئەمە وەڵامی بەغداییەکانە بۆ پڕۆپاگندەی داعش
لەگەڵ هەر سەرکەوتن و دەستکەوتێکی داعش لە جەنگە داگیرکارییەکەیدا لە عێراق، دوودڵی و نیگەرانییەکانی بەغداییەکان زیاتر دەبێ، بە تایبەت کە ئەو ڕێکخراوە هەر جارێک هەڕەشەی شکست پێبردنی بەغدا دەکات، ئەمەیش لە بڵاوکراوەکانی پڕۆپاگندەی چەندان مێدیاکاری تایبەتمەندەوە، کە وەک دەڵێن درۆن و ئامانج لێیان داڕمانی ورەی دانیشتوانی بەغداییەکانە.
لەوەتەی دەستی بەسەر مووسڵدا گرتووە(10-ی حوزێران)، داعش بەڵێنی تێکشکاندنی بەغدای داوە، سەدان لایەنگر و هەواداریشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خستوونەتە گەڕ تا هەم بڕوا و هەمیش ترس و دڵەڕاوکی لا نێو دڵی بەغداییەکاندا بنێنەوە.
(مونیر عەبدوڕەزاق) قوتابیی کۆلیژی یاسایە لە زانکۆی بەغدا، بە DW–ی گوتووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، تویتەر و یوتیوب، بابەتی داعشیان کردووەتە سەرمانشێت، کە زۆرتر گرتەی ڤیدیۆیی کوشتن و سەرپەڕاندنی دەیان سەرباز بڵاو دەکەنەوە کە گوازرشت لە بەهێزیی ئەوان دەکەن." سەرباری دڕندەیی ئەو کردارانە، گرتە ڤیدیۆییەکان سەرنجی زۆربەی گەنجان بە لای خۆیاندا دەبات، (مونیر) دەڵێ، "ئەم گرتە ڤیدیۆییانە دڵەڕاوکێ دەنێنەوە، لە هەندێ باردا بڕوا بەوە دەکەین کە داعش بڵاوی دەکەنەوە، لە بەرانبەردا پێمان وایە کە بێئەوەی وێنە بڵاو بکەنەوە، هەواڵە حکوومییەکان درۆ دەکەن کاتێک ڕۆژانە وەها بڵاو دەکەنەوە کە سەدان داعشیان کوشتوون."
پڕخوێنەرترین هەواڵیش لای بەغداییەکان بە تایبەت لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، ئەو هەوڵانەن کە داعش بڵاوی کردوونەتەوە و دەڵێ لە نزیک بەغداین.
تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگندە
ڕێکخراوی داعش، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە بڵاو دەکەنەوە کە، ئەندامانیان لە نزیک یان بەردەم تابلۆی سەر باڵاخانە حکوومییەکان و شەقامە گشتییەکان و ڕێگا سەرکییەکانن، تا نیشانی بدەن کە چەکدارانیان گەییشتوونەتە ئەو ناوچەیە، ئەمە ئەو کارەیە کە، لە ڕووی مێدیاییەوە جۆرێک لە بروا لای هاووڵاتیان پێک دێنێ و وەها دەکات لە بڵاوکراوە حکوومییەکان بە ڕاستتر وەربگیرێن.
(کەمال جبووری) لە فەرمانگەی باجە لە سەیدییەی باشووری بەغدا دەوام دەکات، دەڵێ، "هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی داعشم بینین کە لە نیو باڵاخانە حکوومییەکانی جرف ئەلسەخەر و ئەلعوتەیفییە و عامرییەی فەللوجەدان، هەموو ئەو ناوچانەیش دەکەونە سەر سنووری بەغداوە، ئەوان بەڵێنیش دەدەن کە بەم زووانە دێنە نێو بەغداوە. بەڵام حکوومەت ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەیشزانین کە هەزاران لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و خۆبەخشان ڕێ لە پشێریویی داعش دەگرن."
چەند هەفتەیەکە لە ناوچەکانی باشووری سنووری بەغدا، داعش لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و خۆبەخشاندا لە شەڕدایە، بە تایبەت لە ناوچەکانی تارمییە و تاجی. بەڵام لە ڕۆژئاواوە، شەڕ لە عامریەی فەللوجە بەرپا بووە، هەڵبەت لە ناوچەکانی یووسفییە و لەتیفییە و جرف ئەلسەخەریش پێکدادان بەردەوامە.
داعش دەستگای مێدیایی و ڕاگەیاندنکاری پیشەیی هەن
شارەزایەکی ئەمنی لە کاروباری گرووپە تیرۆریستەکان(هیشام ئەلهاشمی)، دەڵێ، "ڕیکخراوی داعش زۆر بایەخ بە مێدیا دەدات، داعش دەستگایەکی تەواوی مێدیایی بە ناوی "ئەلفورقان" لە بن دەستە کە سەلەفییە هاوسۆزەکانی داعش، کاری تەکنیکی و مۆنتاژ بە شێوەیەکی پیشەییان خستووەتە بەردەست داعشەوە."
(هاشمی) زیاتر دەڵێ، "مێدیای داعش، زیرەکانەیە و دەیەوێ راستگۆیی سەرکەوتنەکانی لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانیەوە بسەلمێنێ کە هەندێک سەیریان دەکەن، ئەمە ئەو کارەیە کە لە پاڵیدا پڕۆپاگندە و هەواڵە درۆیینەکانیانی پێوەست بە نزیکبوونەوە و چوونە نێو بەغدا بڵاو دەکەنەوە."
لەو سیناریۆیانەی کە داعش و لایەنگرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان دەکەنەوە، دەربارەی پلانی شکست پێبردنی بەغدا، ئەوەیە کە، تیرۆریستان لە بەری کەرخی پایتەختەوە دێنە نێو بەغدا، کە زۆرترینی دانیشتوانەکەی سوننەمەزهەبن، وەک ناوچەکانی، سەیدییە، دۆرە، عەدل، غەزالییە و عامرییە. کەرخ دەبێتە دراوسێی پارێزگای ئەنباری پڕپشێوییەوە.
لە بەرانبەردا، خەڵکی هەن کە مێدیای حکوومەت لە بەرانبەر بە مێدیای داعش، بە شکستبردوو ناو دەبەن لەوەی، ئەمەیش ئەو کارەیە کە مێدیاکەی سەکەوتنی بەدی هێناوە، وەک (هاشمی) دەڵێ، زۆرێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان، ڕۆژنامە و رادیۆکانی حکوومەت پێویستیان بە شارەزایی و پێشەییبوونی تەواو هەیە لە بەرەوڕووبوونەوەی داعشدا.
(خالید موحسین)-ی ڕۆژنامەنووسیش باوەڕی وایە کە، "مێدیای حکوومەت تاکە میدیایە کە پێوەندیی تۆکمەی بە دامەزراوە ئەمنی و وەزارەتەکانەوە هەیە، کەچی پەیامنێری جەنگییان نییە تا لەپاڵ هێزە ئەمنییەکاندا، سەرکەوتنەکانی حکوومەت بڵاو بکەنەوە."
هەڵمەتی، بەغدا بێوەیە
ئەم هەڵمەتی ڕاگەیاندن و زۆریی پڕۆپاگندانە کە داعش بڵاویان دەکاتەوە، کاریگەری بەسەر ئەندێشەی بەغداییەکانەوە داناوە و کۆمەڵە گەنج، هاووڵاتی و چالاکوانێک، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەڵمەتێکیان وەک بەرەوڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپا کردووە و لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و لە ژێر ناوی "بەغدا بێوەیە" ڕاگەیاندووە.
هەر پاش ئەم هەوڵەیش، لە تۆڕەکانی فەیسبووک و تویتەردا، پەیجی دیکە و بە هەمان شێوە دامەزران. پێوەست بە ڕۆڵی ئەندامانی ئەو پەیجانەیش، وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی کەسییان کە لە ڕێی مۆبایلەکانیانەوە، کاتێک بە بەغدا دەگەڕێن و لە درسوستیی هەواڵێک دڵنیا دەبنەوە، بڵاو دەکەنەوە، تا پشیێوی لە پایتەختدا نەنرێتەوە."
(فارس خەففاجی) یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو هەڵمەتەیە دەڵێ، بەرپرسان و مێدیای حکوومی، پەیامێک بڵاو ناکەنەوە تا دڵنیایی تەواو بداتە دانیشتووان، بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێکانیان بڕەوێتەوە. جیاوازییەکەیش بووەتە هۆیەکە بۆ ئەرشیڤێکی جوانکیلەی ناوچەکانی بەغدا کە لە ڕێی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە نیشان دەدرێن.
