قوباد تاڵەبانی: یەكێك بووم لەوانەی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزینمان دا
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی خۆی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "خۆتان دەزانن بوو بەهەڵایەكی گەورە لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتەكانی من لەناو حكومەت، كە گوایە دەسەڵاتەكانم لێ سەندراوەتەوەو بۆ قبوڵی كردووەو بۆ وایان لێكردووە، من دەسەڵاتم لێ نەسەندراوەتەوه".
تاڵەبانی گوتی"لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان، من و بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كاك نێچیرڤان دانیشتین، باسی شێوازی كاركردنی خۆمانمان كرد، لەو دانیشتنەدا ئێمە لەسەر مەبدەئێك رێككەوتین كە زەمانی فیفتی فیفتی نەماوەو نابێت بیهێڵین، ئەو مۆركەشی ماوەتەوە ئێمە دەبێت لەناوی ببەین، ئێمە دەبێت كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكە ببەین".
قوباد تاڵەبانی تیشكی خستە سەر ئەوەی كە "چۆن وڵاتێك یان هەرێمێك دوو سەرۆك وەزیرانی دەبێت، هەر قانوونی نییە، بۆیە ئێمە رێككەوتین لەسەر ئەوەی ئەم دەسەڵاتانە بەشێوازێك بێت، هەندێك دەسەڵات لای سەرۆكی حكومەت بێت لەلای من نەبێت، ئەمە هەر بۆ من نییە بۆ داهاتووشە، سبەینێ یەكێتی هەڵبژاردن بباتەوە یەكێتی دەبێت بەسەرۆك وەزیران، نوێنەری یەكێتی دەبێت بەسەرۆك وەزیرانی هەموو كوردستان، نەك تەنها سەرۆك وەزیرانی سلێمانی، یان گەرمیان، یان شوێنێكی دیكە".
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە نرخی بەنزین و لەوەڵامی ئەوەی دەڵێن هۆكاری گرانبوونی بەنزین ئەو بووە، گوتی" من یەكێك بووم لەو كەسانەی ئەو بڕیارەمان داوە و من خۆم دەرباز ناكەم لەمەسئولیەت، من بەشێكم لەو بڕیارە، چونكە هەندێكجار ناچاری بڕیاری بوێر بدەیت و خەڵك نیگەران بێت لێی، بەڵام حوكمڕانی تەنیا ناكرێت ئەوە بێت كە تۆ تەنیا كارەكەت ئەوەبێت دڵی هەموو كەسێك رازی بكەیت".
قوباد تاڵەبانی دەڵێت "گرانكردنی نرخی سووتەمەنی هاوكارییەكی زۆر بوو بۆ ئەوەی بتوانین مووچە بدەین و ئێستاش بەردەوامین، ئەوە مووچەی مانگی 8 كۆتایی پێهاتووەو مووچەی مانگی 9 ش بەرەو تەئمین بوونە، ئێمەش لەم ماوەیەدا كە ئەم گفتوگۆیە دەكەین لەگەڵ بەغدا چاوەڕێین كە ئەو بەشەی كە مافی دەستووری خۆمانە بۆمان بنێرن، تاكو ئیتر بەیەكجاری دەرباز ببین لەكێشە داراییەكانی كوردستان".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا قوباد تاڵەبانی بەسەرهاتێكی خۆی گێڕایەوەو گوتی " من وەختی خۆی پێش ئەوەی بێمەوە بۆ كوردستان ، لەئەمریكا فیتەریم كردووە كە شتێكی زۆر تەبیعییەو فەخریشی پێوە دەكەم، كاتێك قوتابی بووم پێویستم بە پارە بوو ئیشم دەكرد، شتێكی ئاسایی بوو".
رووداو
