دراوە نوێیەكانی عێراق
بانكی ناوەندی عێراق لە پێناو بەهێزتركردنی سیستەمی بەرگری لە دراوی عێراقی كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورەی لە دراوی دیناری عێراقی ئەنجامداوە، هەروەها گۆڕانكاری لە نەخشەی دراوەكان كردووە و سیمێكی تایبەتی خستۆتە ناو دراوەكان بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگری زیاتر بكات و بیپارێزێت لە تەزویركردن.
بانكی ناوەندی عێراق بەنیازە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو دراوە نوێیانە بخاتە بازاڕەكانەوە كە گۆڕانكاری تێداكردووە كە بریتین لە دراوەكانی 5 هەزاری و 10 هەزاری و 25 هەزاری هەروەها بە نیازە لە ساڵی داهاتوو دراوی 50 هەزاری بخاتە بازاڕەكانەوە كە ئەمە دراوێكی نوێیە و بۆیەكەمجارە بانكی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەكانەوە، كە هەرسێ زمانی كوردی و ئینگلیزی و عەرەبی لەسەر نووسراوە ئێستا ئەو دراوە نەخشازی دروستكردنەكەی تەواو كراوە و تەنها كاری چاپكردنی ماوە، كە بەپێی پلانی بانكی ناوەندی تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو دراوەش دەكەوێتە بازاڕەكانەوە.
دەربارەی بوونی زمانی كوردی لەسەر ئەو دراوە نوێیە، نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، دەرچوونی ئەو دراوە نوێیانە بەو گۆڕانكاریانە پێچەوانەی دەستوورە، چونكە بەپێی دەستوور زمانی كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە عێراق و دەبێت دراوی عێراقی هەردوو زمانەكەی لەسەر بێت، بەڵام لەو دراوە نوێیانە تەنها دراوی 50 هەزاری زمانی كوردی لەسەر نووسراوە.
رووداو
