شەشۆ: پێشمەرگە چوار سیخوڕیان دەستگیر كردن.. زانیارییان لەسەر چیای شنگال بە داعش داوە

 شەشۆ: پێشمەرگە چوار سیخوڕیان دەستگیر كردن.. زانیارییان لەسەر چیای شنگال بە داعش داوە
هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال، چوار كەسیان دەستگیر كردن كە سیخوڕییان دەكرد و زانیارییان بە تیرۆریستانی داعش دەدا، یەپەگەیش هەر چوار سیخوڕیان بردوون و دەیانەوێت بیكەنە دەستكەوت بۆ خۆیان.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "دوێنێ هێزی پێشمەرگە چوار كەسیان قۆڵبەست كردن كە نزیكەی سێ مانگە كاری سیخوڕی بۆ داعش دەكەن و زانیارییان بە تیرۆریستانی داعش دەدا، پێشتریش ئێمە گومانمان لەو كەسانە هەبوو، بەڵام دوێنێ بۆمان ئاشكرا بوو كە سیخوڕن".

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال گوتیشی، "پاش چاودێریکردن و دەستگیرکردنی سیخوڕەکان لە لایەن مەفرەزەیەکی ئێمەوە و لە ڕێگای بردنیان بۆ شوێنی دیاریکراو، کتوپڕ هێزێکی یەپەگە، لەو مەفرەزەیەی ئێمە کە سیخوڕەکانیان بەدەستەوەن دەردەکەون و بە هەر بیانوویێک بێ، کە وەک ئەوەی گوتوویانە چەند پرسیارێکیان لێ دەکەین، بەداخەوە چەكدارانی یەپەگە هەر چوار سیخوڕەکەیان بردوون، وەها پێدەچێ کە دەیانەوێت بیكەن بە دەستكەوت بۆ خۆیان و گەورەی بكەن، بەڵام ئێمە لێیان وەردەگرینەوە و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەین و دواتر سزای خۆیان وەردەگرن".

(شەشۆ) ڕوونیشی كردەوە، "زانیاریمان بۆ هات ئەو كەسانە كاری سیخوڕی دەكەن و دوای ئەوەی كە خۆمان بینیمان زانیارییان دەدایە داعش بە تایبەت لەو كاتانەدا كە پێشمەرگە هاوەنباران دەكرا، پێان دەگوتن كە ئامانجی خۆیان پێكاوە یان نا و بگرە هەموو زانیارییەكیان پێ دەدان".
ئەو فەرماندەیە زیاتر گوتی، "دروستە ئەم سیخوڕانە بە ڕەگەز ئێزدین، بەڵام لە عەرەبە توندڕۆکانیش خراپترن و تەنیا لە ناسنامە ئێزدین."

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، داعش بەردەوام هەوڵی گرتنی چیای شنگال دەدات، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە ئامادەباشیی تەواودایە و بە هیچ جۆرێك رێگەیان نادەن نزیك ببنەوە و وەڵامی هەر هێرشێكی لەناكاویان دەدەنەوە.
Top