شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی پێداچوونەوەی وەرزی جیهانی بۆ بواری مرۆیی دەكات
کۆبوونەوەکە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە دەستپێدەكات و ژمارەیەكی زۆری پسپۆڕ و شارەزای بواری مافی مڕۆڤ و نوێنەری وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان تێیدا بەشدار دەبن و دە رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە كۆبوونەوەکە دا راپۆرتی چوار ساڵی رابردووی عێراق لەبواری مڕۆییەوە تاوتوێ دەكرێت.
دیندار زێباری، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە یاوەری شاندێكی هەرێم بەشداری كۆبوونەوەكە دەبێت و ڕاپۆرتی دەستكەوتە مڕۆیی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بواری مرۆیی لەماوەی چوار ساڵی رابردوو بەتایبەتی ئەو مافانەی كە بۆ كەمایەتییەكانی ئاینی، مەزهەبی و ئەتنیكی لە هەرێمی كوردستان دابینكراوە پێشكەش دەكات.
كۆمەڵكوژی هاووڵاتیانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیکە تەوەرێكی دیکە كۆبوونەوەکە دەبێت و باس لە سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دا باس لە پێکەوە ژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێم و دابینكردنی خواست و پاراستنی كەرامەت و ژیانیان و هەروەها ئەو ئاوارە زۆرەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە دەکرێت.
چەسپاندنی ئازادی خۆپیشاندان و ڕادەربڕین لە پێشنووسی دەستووری هەرێم و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری و دەركردنی یاسای نوێ بۆ كاروباری رێكخڕاوە ناحكوومییەكان بە دەستكەوتە مڕۆیی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوو ئەژمار دەكرێن.
حكوومەتی هەرێم هەنگاوی جیدی و یاسایی هاوێشتووە بۆ باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ و گرنگیدان بە مافی كەمایەتییەكان لە بواری پەروەردە و بەشداری سیاسیی پێكهاتەكان و ئافرەتان و پەسندكردنی ژمارەیەك یاسا و لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و نەهێشتنی جیاوازی نێوان ژن و پیاو و دابینكردنی پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی.
دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەبواری مڕۆیی، یاسایی، پەروەردە، دابینكردنی ئاشتەوایی، پێكەوەژیان، حوكمڕانی شەفاف، بەشداری سیاسیی پێكهاتەكان و گرنگیدان بە رۆڵی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیاردان لە چوارچێوەی راپۆرتی چوار ساڵەی عێراق پێشكەش دەكرێت كە وردەكاری و وەڵامی پرسیاری شارەزایانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە لایەن سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەخرێتەڕوو.
