وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ناچینە ژێر گوشاری هەر لایەن و گروپێک کە‌ بیهه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکاریەکانیان بسه‌پێنن

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ناچینە ژێر گوشاری هەر لایەن و گروپێک کە‌ بیهه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکاریەکانیان بسه‌پێنن
دوای ئەوەی ڕۆژی دوشەممە کۆمەڵێک قوتابی زانکۆ وپەیمانگا لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولیر کۆبوونەوە و بە تەماتە و هێلکە و بەرد هێرشیان کردە سەر بینای وەزارەت، وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بە هیچ شێوەیەک ناچینە ژێر گوشاری هەر لایەن و گروپێک کە‌ بیهه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکاریەکانیان بسه‌پێنن.



دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:



دوێنێ دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 27/10/2014 ژمارەیەک قوتابی لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کۆبوونەوەیەکیان ڕێكخست، کە دوو داواکاریان هەبوو، یەکەمیان سەبارەت بە وانەی پەڕینەوە ( عبور) بوو، كه‌ داوایان ده‌كرد وانه‌ی په‌ڕێنه‌وه‌ لەیەک وانە بۆ دوو وانەی ساڵانه‌ زیاد بكڕێ، له ‌هه‌مان كاتدا ئه‌وان ناڕەزاییان هه‌بوو سەبارەت بە ده‌نگۆی بەرزکردنەوەی نرخی كرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان.



له‌ به‌رامبه‌ردا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایدەگەیەنێت کە ڕەزامەندی لە سەر زیادکردنی وانەی پەڕینەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزارەتە، ئه‌و داوایه‌ش لەمەوپێش خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزارەت كه‌ له ‌سه‌رۆكی هه‌موو زانكۆكانی كوردستان پێكهاتووه ، بەڵام بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە.



سەبارەت بە زیادکردنی نرخی كرێی خوێندن بە هیچ شێوەیەک لە هیچ زانکۆیەک نرخ زیاد نەکراوە هەر چەندە زانکۆ تایبەتەکان پێشنیازیان کردبوو.



بەڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخە، ئەو قوتابیانە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەت بکەن، تەماتە و هێڵکە و به‌رد بارانی وەزارەتیان کرد، لە ئەنجام دا زەرەروو زیانیان بە باڵەخانەی وەزارەت گه‌یاند.



وەزارەتی خوێندنی باڵا نیگەرانی خۆی لەو کارە ڕادەگەیەنێت کە لەو ساتە وەختەدا کە هەرێمی کوردستانی پێیدا تێپەڕ دەبێت قوتابیان زەرەرو زیان لە ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی حکومەت دەدەن کە لە دوائەنجام ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هاووڵاتیانە و بۆ خزمەتی ئەوانە.



لێپرسراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی بەو پەڕی بەرپرسیارێتیەوە ڕەچاوی ئەو هەل و مەرجەی کوردستانی کردووە و لە داهاتووش دەیکات و بەردەوام لە هەوڵی ئاسانکاری بۆ قوتابیان/ خوێندکارانی خۆشەویست دایە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەزارەت ڕایدەگەیەنێت کە ئەمە یەکەم جار نییە وەزارەته‌كه‌مان بەرد باران دەکرێت، بۆیە ئێستاش ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک بچێتە ژێر گوشاری هەر لایەک یان گروپێک كه‌ بیهه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌ده‌نیانه‌ داواکاریەکانیان بسه‌پێنن، بەڵکو وەزارەت تەنها ئەو داواکاریانە بەڕەوا دەزانیت و جێبەجێیان دەکات کە لە بەرژەوەندی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کوالیتی خوێندن و به‌رژه‌وه‌ندی كۆیی خوێندكاران و قوتابیان دابێت.



له‌ كۆتاییدا هیوادارین لەمەودوا ئەگەر هەر داوکارییەک هەبێت بە شێوەیەکی مەدەنیانە پێشەکەش بە بەرپرسانی وەزارەت بکرێت بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمان چارەسەری گونجاو بۆ داواكارییه‌كان بدۆزینەوە.
Top