وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسینگە لە كەركووك دەكاتەوە

 وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسینگە لە كەركووك دەكاتەوە
دوای ئەوەی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری كەركووك كرایەوە، ئێستا بڕیارە نووسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەركووك بكرێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە فەرمانێكی وزاری كە لەلایەن یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا دەرچووە، بڕیاردراوە نووسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە كەركووك بكرێتەوە.

لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بە هۆكاری كردنەوەی ئەو نووسینگەیە كراوە و هاتووە " كردنەوەی ئەو نو‌وسینگەیە بریتییە لە كارئاسانی بۆ خوێندكاران و قوتابیانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیكەوە هاریكاری و رێنوێنیان بكەین، بەوەش دەتوانین باشترو لە نزیكەوە كێشەی خوێندكارانی ئەو سنوورە چارسەر بكەین".

هەر بەپێی هەمان فەرمانی وەزاری بڕیار درا بەدانانی (د. ئەحمەد ئەمین فتح اللە) وەك بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە شاری كەركووك.

ماوەیەك پێش ئێستایش نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە كەركووك لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاری كەركووكەوە كرایەوە.





رووداو
Top