یاسایەك ئامادەكراوە بۆ قەرزی نێودەوڵەتی و چاوەڕێ دەكەین پەرلەمان پەسەندی بكات
هەروەها سەفین دزەیی گوتی: كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، یاسای نەوت و غاز، یان پێشمەرگەو هەناردەكردنی نەوت و ماددەی 140 بووە كە بابەتی چارەنووسسازن، هیچ كاتێك بابەتی مووچەو بودجە كێشە نەبووە كە پێشتر ببێتە بابەت بۆ دانوستاندن، ئێستا باس لەوە دەكرێت كە بەغدا خۆی دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوە، من نازانم ئەمە تاچەند راستە و ناتوانم هیچی لەبارەوە بڵێم، بەڵام ئەو وەزیرە بەڕێزانەی چوونەتەوە بەغدا قسەیان لەگەڵ كابینەكە كردووە كە بیر لە چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی شاندی هەرێم قسەی لەسەر دەكات، بابەتی چارەنووسسازن، هەر چەندە مووچە و بودجەش بابەتی گرنگن كە دەبێ قسەیان لەسەر بكرێت.
شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا دزەیی گوتی: رەنگە لای هەندێك سەیر بێت چۆن حكومەت قەرز دەكات كە خۆی مووچە بە خەڵك دەدات، لە هەموو وڵاتان تەنانەت لە وڵاتانی پێشكەوتووی ئابووریش كە بودجە بۆ مووچە و بەكارخستن دادەنرێت، ناكرێ حكومەت بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكان، یان ژێرخانییەكان لە مووچە كەم بكاتەوە، بەڵكو دەبێ قەرز وەربگرێت، هەرێمی كوردستانیش كە بۆ چەندین ساڵە لە ئاوەدانكردنەوەو پێشكەوتن بێبەش بووە، ئەوەی كە لە دەساڵی رابردوو كراوە بەو توانا سنووردارە كراوە، چونكە هیچ ژێرخانێكی نەبووە، بۆ نموونە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو 30 ملیار دۆلاری پێویستە بۆ گەیاندنی ژێرخان و سەرخان بە ئاستێكی نێودەوڵەتی لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵاو تەندروستی و هەموو كەرتەكان، ئەوەی كە هەیە لە 70%ی دەدرێتە مووچە، بۆیە وەرگرتنی قەرز كارێكی رەوایە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان و ئەو بانك و ناوەندە داراییانەی كە قەرز دەدەن لەسەر بنەما و یاسای نێودەوڵەتی مامەڵە دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیاسایەك لە ئەنجومەنی وەزیران ئامادە كراوە، تاكو بدرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بە یاسا پشتگیری لەم پڕۆژەیە بكرێت، بەم قەرزەش دەكرێت هەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و شتی دیكە لە هەرێم جێبەجێ بكرێت، نەك بۆ مووچە، چونكە ناكرێ بۆ مووچە قەرز وەربگرین، بەڵكو ئەمە بە رێگەی دیكە و بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكرێت.
سەفین هەروەها لە كۆتاییدا گوتی: هەندێ جار دەكرێ سیاسەتێك دابڕێژیت لەسەر ئەرزی واقیع، چ سیاسەتی دارایی، یان سیاسەتی دیكە، بەڵام لە كۆتاییدا تووشی حاڵەتێكی كتوپڕ دەبیت، وەكو شەڕی داعش كە كەس چاوەڕوانی نەدەكرد، بەو شێوەیە رووبدات و رۆژانە خەرجییەكی زۆر بكەوێتە ئەستۆی حكومەت، ملیۆنێك و نیو ئاوارە و پەناهەندە لە هەرێمی كوردستان هەن كە زۆربەی خەرجییەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمە، لە كاتێكدا كە حكومەت خۆی كێشەی هەیە لە پێدانی مووچە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، رەنگە دووچاری هەندێ كارەساتی سرووشتیش ببینەوە، كە كێشەی زیاترمان بۆ دروست دەكات، بەڵام ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ ئەم رێژەیەی كە لە 400 هەزار بەرمیل زیاترە هەناردە بكرێت، رەنگە زۆر كێشەمان بۆ چارەسەر بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(998)
