سبەی یەكشەممە پێشمەرگە بەرەو كوبانێ بەڕێدەكەویت
دوای داواو فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەسندكردنی بڕیاری ناردنی پێشمەرگە بو كۆبانێ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە رۆژی 23/10 /2014دا ، رۆژی یەكشەممە ئەو هێزەی پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە رێگەی توركیاوە دەچێتە كۆبانێ.
عەقید رەمەزان، لە هێزی پشتیوانی یەك، باسی گرنگی چوونی ئەو هێزەی پێشمەرگەی بۆ كۆبانێ ، بەوشێوەیە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو روونكردەوە "بۆ هەر هێزێكی پیادە هێزێكی پشتیوانی پێویستە، دووژمنی ئێمە لە كۆبانێ چەكی گران بەكاردەهێنێت، لەبەرئەوە دەبێ ئێمەش چەكی گران بەكاربێنین، ئەو هێزە پێشڕەوییەكانی شەڕڤانانی كورد لە كۆبانی خێراتر دەكات" .
سەرچاوەیەكی تایبەت رايگەیاند هێزی پشتیوانی یەك و دوو ، لەگەڵ 150 پێشمەرگە لە هێزی پشتیوانی یەك و دوو ، دەچنە كۆبانێ ، كە جۆرەها چەكی قورسیان لەگەڵدایە . ناوی ئەو پێشمەرگانە و چەكەكانیان دراوەتە توركیا و ئەمریكا.
بەپێی زانیارییەكانی "سەرجەم ئەو پێشمەرگانە ئاگاداركراونەتەوە كە خۆیان رێكبخەن و ئامادەبكەن بۆ چوون، كە چوونەكەیان پێویستی بە پاسپۆرت نابێت، تەنیا ناسنامەی سەربازییان پێویست دەبێت".
هەروەها بەپێی ئەو زانیاریانە ، چاوەڕواندەكرێت ، دوای چوونی ئەو هێزە، هەر لەو هەفتەیەدا 1000 پێشمەرگەی دیكەش بچێتە كۆبانێ، بەڵام هیچ سەرچاوەیەك بە فەرمی ئەوەی پشتڕاستنەكردووەتەوە .
بەپێی زانیارییەكانی ، ئەندامانی ئەو هێزە سێ رۆژی رابردوو مۆڵەتی چوونە ماڵەوەیان پێدرابوو و ئەمڕۆ پەیوەندییان بە بنكەكانیان كردووەتەوەو، دوای وەرگرتنی پێداویستییەكانیان ، سبەی بەرەو باكووری كوردستان و لەوێشەوە بەرەو شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان بەڕێدەكەون ، ئەگەر هیچ گرفتێك نەیێتە پێشەوە.
ئەحمێ گەردی، فەرماندە لە هێزی پشتیوانی یەک، کە فەرماندەیی هێزی پشتیوانی یەک دەکات بۆ کۆبانێ، لەو بارەوە رايگەیاند کە ئاگادار کراونەتەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ رۆیشتن و ئەمڕۆ خەریکی ئامادەکارین. گوتی پێمان گوتراوە کە هێزەکە هاوبەش دەبێت لە هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و هێزی پشتیوانی دوو، چەکی قورسیش دەبەین. هێزی پشتیوانی یەک و دوو سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، یەکەمیان لە پێشمەرگەکانی پارتی و دووەمیان لە پێشمەرگەکانی یەکێتی پێکدێت.
رووداو
