بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كرا

بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كرا
چوارشەممە 22ـی 10ـی 2014 لە شاری دهۆك بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەنگاوێكی مێژوویی و چارەنووسسازدا ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان سەركردایەتیی تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كرا.

دوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی سەرۆك بارزانی لەپێناو كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان و گەییشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كە لە سەركردایەتیی تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد پێكهاتووە و لەشاری دهۆك و بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە، ماوەی نۆ ڕۆژە دانوساندن لە نێوان لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و سەرئەنجام گەییشتنە ڕێككەوتن و ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 10ـی 2014 لە شاری دهۆك بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنەكە واژۆ كرا.

لە مەراسیمی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی دهۆك سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژێكی مێژوویی و پیرۆز وەسف كرد. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە ئەم ڕێككەوتنە دەستپێكی سەركەوتنی گەلی كوردە لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەروەها هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و دەستخۆشیشی لە لایەنە سیاسییەكانی كوردی ڕۆژئاوا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەم ڕێككەوتنە بەزووترین كات جێبەجێ بكرێت.

سەرۆك بارزانی جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئەوەی لەدەستی بێت بۆ پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوا دەیكات و ئاماژەیشی بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی كۆبانێ دا و سڵاو و درودی خۆی بۆ كۆبانێی قارەمان نارد. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە سەركەوتنی كورد لەهەر شوێنێك سەركەوتنی گەلی كوردە.

سەرۆك بارزانی یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی بەرز نرخاند و هێمای بەوەدا كە جێگەی سەرفیرازییە لەو كاتەی كە دوژمنان دەیانەوێ وەزعی گەلی كوردستان تێك بدەن هێزە كوردییەكان بەرەو یەكڕیزی و یەكبوون و هاوكاری بچن. وەڵامی ڕاست و دروست بۆ دوژمنان ئەوەیە كە هەموومان بەیەكەوە بین.
Top