پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پاشەكشەپێكردنی داعش بە چەشنێك سوپای عێراق و حكومەتی مەركەزی نەیانتوانیووە

پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پاشەكشەپێكردنی داعش بە چەشنێك سوپای عێراق و حكومەتی مەركەزی نەیانتوانیووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جێرمی پرێسمان تایبەتمەند لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: ئاسانترە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای دارایی بسەپێنێت بە سەر دەوڵەتێكدا لەوەی بەسەر گرووپی داعشدا بیسەپێنێت، لەبەر ئەوەی داعش دەوڵەت نییە و دامەزراوەی دەوڵەتی نییە، بۆیە ئەگەر دەوڵەتێك بانك و دامەزراوەی ئابووری لەبەردەستدا بێت، ئەوا دەكرێت سزای بەسەردا بسەپێنرێت، بۆ نموونە لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریادا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای بەسەر رژێمی ئەسەد سەپاند، چونكە ئەمە حكومەت بوو، دەوڵەت بوو، ئەمە زەحمەتە لەگەڵ داعشدا بكرێت. بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر كۆنتڕۆڵی ئەو خاكانە ئەوا لە كۆتاییدا بەرپرسیار دەبێت لە ئابووری ئەو ناوچانە و تاوەكو زیاتر لە دەوڵەت بچن، ئەوا لاوازییان لە ئاست ئەم مەسەلەیەدا زیاتر دەبێت.


هەروەها جێرمی پرێسمان گوتی: ئەمریكا و سەرۆك ئۆباما لەبەر ئەم حاڵەتە خوازیاری ئەوە نەبوون راستەوخۆ خۆیان لە شەڕەوە تێوەبگلێنن. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدا بوون خۆیان لە شەڕی شارەكان لە عێراقدا لابدەن و هێزی زەمینی ئەمریكای تێوەنەگلێت. خاڵی دووەم ئەوەیە ئەمریكا داوا لە هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعش دەكات، زیاتر هاوكاری بكەن و ئومێدی واشنتۆن ئەوەیە دەوڵەتانی دیكە و بە تایبەتیش لایەنە بەشدارە عێراقیەكان زیاتر رۆڵیان هەبێت و، هێزەكانی عێراق رۆڵی پێشەنگ ببینین لە دەست بەسەردا گرتنەوەی خاك و ئەو شار و ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیركراون، بۆیە هەتا ئێستا ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دوودڵە لەوەی هێزی زەمینی ئەمریكا بەشداری ئەم شەڕە بكات، وەك ئەوەی لەسەردەمی جۆرج دەبلیو بوش لە عێراق و ئەفغانستان پیادە كرا، ئەوەی پەیوەندی بە سووریاوە هەبێت، ئەوا سێ ساڵە ئەو مشتومڕە هەیە لە ئەمریكا كە ئایا پشتیوانی موعارەزەی سووری بكرێت و هاوسەنگی هێز بگۆڕێت بۆ رووخانی ئەسەد، بەڵام هێشتا هەنگاوی جددی بۆ هەڵنەگیراوە.


شاياني باسه پرێسمان گوتی: پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە پاشەكشەپێكردنی داعش بە چەشنێك سوپای عێراق و حكومەتی مەركەزی نەیانتوانیوە، لەبەر ئەوە مایەی تەحەددای زیاتر بووە بۆ حكومەتی عێراق، لە ئێستادا شەڕەكە فراوان بووە و ئەمریكا و هاوپەیمانێتییەكەش دەزانن تەنها پشتبەستن بە پێشمەرگە وەك هێزی زەمینی بەس نییە بۆ راگرتن و پاشەكشەپێكردنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لە ئەمریكادا پێكناكۆك بوونێك هەیە لە نێوان پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و پاڵپشتیكردنی حكومەتی مەركەزی عێراق، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوە هەیە چەكی زیاتر بدرێت بە پێشمەرگە، ئەوا بۆی هەیە دەوڵەتی عێراق لاواز بكات، بەڵام جار لە دوا جار ئەوە سەلمێنراوە كە دەوڵەتی عێراق و سوپای عێراق نەیانتوانیوە پێشڕەوی داعش بوەستێنن و پاشەكشەی پێ بكەن، لەبەر ئەوە ئەمریكا لە نێوان دوو بەرداشدایە. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە سەلمێنراوە پێشمەرگە كاراترین هێزن لەسەر زەمین، بەڵام هەندێ بەگومانم لەوەی ژمارەیان وەك پێویست بێت. ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارە و ئەو خاكانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان. دەبێت سوپای عێراقی بەرگری لە بەغدا بكات و دەكرێت پشتیوانی بكرێن، بەڵام پێشمەرگە كارێكی كەمی لەدەست دێت بۆ بەغدا ئەگەرچی كاراكتەرێكی سەربازی بەتوانان لەسەر زەوی.






درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(997)
Top