لای پێشمەرگە كەركووك هێڵی سوورە داعش، یان هەر لایەكی دیكە پەنجەی بۆ درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین

لای پێشمەرگە كەركووك هێڵی سوورە داعش، یان هەر لایەكی دیكە پەنجەی بۆ درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە بۆ گوتى: پێش هەموو شت سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە هاتوونەتە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ و لێرە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین، سەبارەت بە پرسیارەكەشتان دیارە ورە و مقاوەمەتی پێشمەرگە نەك ئێستا، بەڵكو لە كۆنەوە بەرز بووە و لەو كاتەوە داگیركەران خاكیان داگیركردووین، پێشمەرگە هەموو كات ئامادەبووە گیانی خۆی فیدای خاكی كوردستان بكات، ئەمجارەش كە تیرۆریستانی داعش هاتن و موسڵیان داگیركرد، ئەوانیش وەك هەموو داگیركەرانی دیكە ئامانجیان ئەوە بووە كە كوردستان داگیر بكەن، بۆیە لە یەكەم رۆژەوە دوای داگیركردنی موسڵ، پێشمەرگە هەستی بەو مەترسییە كردو سەنگەرەكانی خۆی قایم كرد بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە ببێتەوە، لەبەر ئەوەی لای پێشمەرگە روونە كە داگیركەرانی كوردستان دژی هەموو شتێكی كورد و كوردستانن، ئامادەن دەست بۆ هەموو پیرۆرزییەكی كورد بەرن، بە بێ ئەوەی بسڵەمێنەوە.


هەروەها ئەنوەری حاجى گوتی: بەڵام پێشمەرگەی كوردستان زۆر گوێ بە هێز و چەكی تیرۆریستانی داعش نادەن، ورەیان هێندە بەرزە كە دەتوانن داعش هەر هێرشێك بكات، تێكی بشكێنن، هەروەها لەمەش گرنگتر خەڵكی كەركووكی خۆشەویستیش متمانەیان بە كوڕ و براكانی خۆیان هەیە، بەوەی دەتوانن كەركووك بپارێزین، بۆیە ورەی پێشمەرگە و متمانەی خەڵك بە پێشمەرگە قەڵایەكی پۆلایینە و تیرۆریستان لەبەردەم ئەو قەڵایە لووتیان دەشكێت. لەمەش زیاتر لیرەوە دەمەوێت بە هەموو خەڵكی كوردستان بڵێم بەوەی كەركووك هێڵی سوورە نەك هەر بۆ داعش، بەڵكو بۆ هەر هێزێك كە بیەوێت پەنجە بۆ كەركووك درێژ بكات، پەنجەی دەشكێنین.


شايانى باسه حاجی عوسمان هەروەها گوتی: بەلای منەوە ئامادەبوونی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی جەنابی بارزانیی نەمریش هەر كاتێك كوردستان لە مەترسیدا بووبێت بۆخۆی بەشەخسی لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕ هاوشانی پێشمەرگە ئامادەبووە، دیارە سەرۆك مسعود بارزانی جیا لەوەی قوتابی جەنابی بارزانیی نەمرە، هەر بۆخۆی لەسەنگەری شەڕدا لە كۆماری كوردستان لە مهاباد لەدایك بووە، لەمەش زیاتر خۆ ئەمە یەكەمجار نییە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرەكانی شەڕ دەبینرێت، ئەو لەهەموو داستانەكانی پێشمەرگەدا هاوشانی پێشمەرگە لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕەكاندا بووە، لێرەدا حەزدەكەم بگەرێمەوە بۆ رابردوو، لەدوای ئەنفال و كۆتایی هاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، لەو كاتەی رژێمی سەدام حوسێن هەوڵیدەدا ماسوولكەی هێزی خۆی بەرامبەر پێشمەرگە نمایش بكات، ئەو لەو كاتەدا بەڕێز مسعود بارزانی بەشەخسی سەرپەرشتی شەڕی خواكوڕكی كردو گەورەترین داستانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆمار كرد، هەروەها لە كۆڕەوەكەی بەهاری 1991 بەڕێز مسعود بارزانی هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بوو، توانی نەهامەتی كۆڕەویش بگۆڕێت بۆ سەركەوتن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(997)





Top