كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ 11ی مانگی داهاتوو دواخرا

 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ 11ی مانگی داهاتوو دواخرا
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان بۆ ماوەی 19 رۆژ دواخرا و سەرۆكی فراكسیۆنی خزمەت رایگەیاند: "ئەگەر سەركردایەتی سیاسیی نەتوانن پاریزگارێك بۆ سلێمانی دابنێن، ئیتر ئەوە دیارە چەند سەركردایەتییەكی سەركەوتوومان هەیە".

مەهدی مەحموود، سەرۆكی فراكسیۆنی خزمەت لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئێمە وەك ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا مۆڵەتێكمان بۆ سەركردە سیاسییەكان دانابوو كە ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە كە مۆڵەتەكەیش تا 23-10-2014 واتە سبەینێ بوو، بەڵام ئەوەی كە دیارە هیچ كۆبوونەوەیەك نەكراوە لەسەر ئەو پرسە".

گوتیشی: "ئێستا پرسی پارێزگاری سلێمانی لەدەستی ئەندامانی ئەنجوومەن نەماوە و بڕیار وایە سەركردایەتی سیاسی كورد یەكلایی بكەنەوە كە پێموانییە تا سبەینێ هیچ كۆبوونەوەیەك بكرێت، دەبوایە بە لانیكەمەوە بەیاننامەیەكیان دەربكردایە و هۆكاری كۆنەبوونەوەیان دیاریبكردایە و داوای ماوەیەكی دیكەیان بكردایە لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوەیش نەكراوە".

سەبارەت بەوەی ئەگەر سەركرادیەتی سیاسی جارێ كۆنەبوونەوە و ئەوە كاتێكی زۆری خایاند مەهدی مەحموود گوتی" جا ئەگەر سەركردایەتی كورد نەتوانن پارێزگارێك بۆ سلێمانی دیاری بكەن ئیتر ئەوە دیارە چەند سەركردایەتییەكی سەركەوتوومان هەیە ئەو پرسە لەدەست ئێمەدا نەماوە و تۆپەكە ئێستا لە یاریگای سەركردە سیاسییەكانی كورددایە".

هەروەها ئامانج نەجیب سەرۆكی كاتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، كە بڕیار بوو سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" لەسەر داوای لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتێكی زیاتریان هەبێت بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە و بەهۆی كێشە ناوخۆییەكان و یەكلاییكردنەوەی وەزیرەكان لە كابینەی عەبادی و هەندێ پرسی دیكە، تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر پارێزگای سلێمانی كۆببنەوە بڕیارماندا كۆبوونەوەكە بۆ 11-11-2014 دوا بخەین".





رووداو
Top