فڕۆكەكان لە كۆبانێ داعش بۆردومان دەكەن و شەڕڤانانیش هێرشیان دەكەنەسەر

 فڕۆكەكان لە كۆبانێ داعش بۆردومان دەكەن و شەڕڤانانیش هێرشیان دەكەنەسەر
شەوی رابردوو فڕۆكەكانی هاوپەیمانان 4 هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر بارەگاكانی داعش لە كۆبانی، شەڕڤانانی یەپەگەش هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی داعش لە شەقامی سەرەكی شارەكە ئەنجامداوە.

فڕۆكەكان لە هێرشەكانیاندا باڵەخانە و كەرەستە سەربازییەكان و یەكەیەكی گەورەی داعشیان لەدەوروبەری كۆبانێ كردووتە ئامانج و هێرشیشیان بۆسەر پێگەكانی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی كۆبانێ ئەنجامداوە لە گەڕەكەكانی پیشەسازی و گەڕەكی عەرەبان.

ئێوارەی دوێنێش لە گەڕەكانی باكوور و باشووری رۆژهەڵاتی شارەكە پێكدادان لە نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و چەكدارانی داعش روویدا، هەروەها لە شەقامی تەل و ئەو ناوچەیەی بە چوارگۆشەی ئەمنی ناسراوە پێكدادان هەبووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان شەرڤانانی یەپەگە، دوای گەیشتنی كۆمەكە سەربازییەكان بە دەستیان هێرشی نوێیان بۆ سەر داعش كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی پێشتر داعش لە هەموو لایەكەوە دەستی بە هێرش كردبووەوە. هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، كە لە ناو كۆبانێ گەیشتوون 30 چەكداری داعش كوژراون و 11 شەرڤانی یەپەگەش شەهید بوون.

واشنتن جەختی لەوە كردەوە، كە بەشی هەرەزۆری شارەكە بەدەستی چەكدارانی كوردەوەیە و داعش نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوی زیاتر بكات. ئاشكراشیكرد ئەگەر بارێكی چەكەكانیش كەوتبێتە دەست داعش، بارەكە لە چەكە سووكەكانە و چەكە قوورسەكانیان نەكەوتووەتە دەست.








رووداو
Top