قەرەتەپە؛ پێشمەرگە پاشەکشە بە داعش دەکات و چەند تەرمێکیشیان جێدەمێنن
"سەلاح بابان" ئەندامی ئەنجوومەنی شارەدێی قەرەتەپە بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ھێزەکانی پێشمەرگە توانیان گوندی "ھادی" بگرنەوە کە پێشتر چەکدارەکان لێوەی بە قەناس تەقەیان لە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکرد و ھەروەھا لەو گوندەش تەرمی چەکدارێکی داعش کەوتۆتە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە.
سەلاح بابان گوتی، لە شەڕەکەدا چوار پێشمەرگە شەھیدبوون کە یەکێکیان ئەفسەرە و پێنج پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەریشدا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش کوژراون و برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک لە تەرمی چەکدارە کوژراوەکان کەوتۆتە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە.
ھەر لەبارەی رەوشی سنوورەکەوە، "سەباح برایەتی" بەرپرسی ناوچەی رزگاری لەنێو قەرەتەپەوە بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ھێزێکی زۆری پێشمەرگە و ئاساێش لەناو شارەدێی قەرەتەپەدان و لە ئێستادا تاڕادەیەک شەڕ و پێکدادانەکان کەمبۆتەوە و ناوبەناو دەنگی ھاوەن و تەقە دەبیسترێن.
سەباح برایەتی گوتی، شارەدێیەکە بەتەواوەتی چۆڵ بووە و ھەندێک گەنج ماونەتەوە و چەکیان ھەڵگرتووە.
راشیگەیاند: لە نێوان قەرەتەپە – گوندی تاتران بۆمبێکی چێندراو بە یەکێک له ئۆتۆمبیلەکانی "مەحمود سەنگاوی" بەرپرسی محیوەری ھێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین تەقیوەتەوە، بەڵام تەنھا زیانی ماددی ھەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش ھێرشیان برده سەر شارەدێی قەرەتەپە و توانیان چەند گوندێکی دەوروبەری شارەدێیەکە بگرن و بە دووری یەک کیلۆمەتر لە شارەدێی قەرەتەپە نزیک ببنەوە. لە بەرامبەریشدا ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان رووبەڕوویان بوونەوە و ھەروەھا ھێزێکی دیکەی پێشمەرگە و ئاسایش رەوانەی ناو شارەدێیە کراون و توانیان پێشڕەوی چەکدارەکان بوەستێنن و ھەروەھا پاشەکشەشیان پێ بکەن و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.
