توركیا رێگە بە چوونی پێشمەرگە دەدات بۆ كۆبانێ

 توركیا رێگە بە چوونی پێشمەرگە دەدات بۆ كۆبانێ
حكومەتی توركیا رازیبووە رێگە بە چوونی پێشمەرگە بدات ، بۆ نێو شاری كۆبانێ ، كە شارێكی رۆژئاوای كوردستانە و بە سنووری نێودەوڵەتی توركیاوە نووساوە.

بەپێی ئەو زانیاریە پشتڕاستكراوانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان ، داوای لە توركیا كرد ، كە رێگە بدەن بە چوونی هاوكاری و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ لە رێگەی توركیاوە ، لە دوو رۆژی رابردوودا ، حكومەتی توركیا رەزامەندی خۆی گەیاندووەتە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە دوو رۆژی رابردوودا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە لە هاوئاهەنگیدان لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD و یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG ، بۆ چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ .

ساڵح موسلیم ، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD هەفتەی رابردوو دوای كۆبوونەوەیەكی داخراو و كۆبوونەوەیەكی كراوەی بەهاوبەشی لایەنەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا ، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند كە بارزانی گوتی هەولێر و كۆبانێ بۆ ئەو وەك یەكن ، ساڵح موسلیم هەروەها گوتی : ئێمە زۆر داوامان لە باشووری كوردستان هەن ، چونكە ئەركی برایەتی زۆرن و گرانن.







رووداو
Top